ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ژمارەیەك بڕیار دەردەكات

131 جار خوێندراوەتەوە کات04:33 بەروار18-09-2019
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ژمارەیەك بڕیار دەردەكات

راچڵەكین-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانلە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 18/9/2019دا ژمارەیەك بڕیاری دەركرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە:"لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی رێكخستنەوە و هەماهەنگیكردن لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرا. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكبهێنرێت بۆ یەكەوەبەستنەوەی دەروازە گومرگییەكان بەئامانجی رێكخستنەوە و باشتركردنیان ."

"بڕگەی دووەمی كۆبووەنەوەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی قەرزە كشتوكاڵییەكان كە 8868 جووتیار سوودمەند بوون لێی بە بڕی 222 ملیار و 533 ملیۆن دینار. ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دارایی راسپارد بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەكی یاسایی بۆ چۆنیەتی گێڕانەوەی قەرزەكان بە شێوەیەك لەگەڵ باروگوزەرانی جووتیاران بگونجێت."

"لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكەدا رەشنووسی دووەمی پلانی تەشریعی خرایە روو لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەكی یاسایی پێكبهێنرێت بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە پێویستە لەم وەزرە یاساییەدا بنێردرێنە پەرلەمانی كوردستان. "

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لە بارەی پێداچوونەوە بە میكانیزمەكانی (پاراستنی مافی خاوەندارێتی هزری - قانون حمایە الملكیە الفكریە) كرد بە لەبەرچاوگرتنی ستانداردە جیهانییەكان وپاراستنی خاوەن مافە هزرییەكان لە بوارەكانی هونەری ، بازرگانی ، پیشەسازی و كشتوكاڵی . بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەكان راسپێردران كە كاری پێویست ئەنجام بدەن."