پۆڵا تاڵەبانی: حكومەتی هەرێم نابێت پاساو بداتە دەست بەغدا

332 جار خوێندراوەتەوە کات05:23 بەروار21-09-2019
پۆڵا تاڵەبانی: حكومەتی هەرێم نابێت پاساو بداتە دەست بەغدا
راچڵەكین

بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا رایدەگەیەنێت"بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بەشە بوودجەی هەرێم، حكومەتی هەرێم نابێت پاساو بداتە دەست بەغدا".

پۆڵا تاڵەبانی، بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا بە(راچڵەكین)ی راگەیاند"پێشتر حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عیراق رێككەوتنێكیان كردووە بۆ پێدانی بوودجەی هەرێمی كوردستان و لە ئێستاشدا ئەو رێككەوتنە بەرەو جێبەجێكردن دەچێت".

وتیشی"پێویستە هەردولا پابەند بن لە خاڵەكانی رێككەوتنەكەوە و ئاستەنگ دروست نەكان".

تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد"نابێت حكومەتی هەرێم پاساو بدات بەدەست بەغداوە و دەبێت تەواوی رێككەوتنەكە جێبەجێ‌ بكرێت، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان توشی قەیرانی دارایی نەبێت".

بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق كراوە، دەبێ مانگانە هەرێم (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات و لە بەرامبەردا بەغدا (480) ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات.