رێبوار تاڵەبانی: پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك ناسنامە بە عەرەبە هاوردەكان دەدات

50 جار خوێندراوەتەوە کات06:08 بەروار21-09-2019
رێبوار تاڵەبانی: پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك ناسنامە بە عەرەبە هاوردەكان دەدات
راچڵەكین 

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك رایدەگەیەنێت"ئەوەی لە كەركووك ڕوو دەدات پێچەوانەی دەستوورە و پارێزگاری سەپێندراو ناسنامە بە عەرەبە هاوردەكان دەدات".

ڕێبوار تالەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بە (راچڵەكین)ی ڕاگەیاند"دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووكەوە بەردەوامی هەیە، بەڵام بە كردەوە ھێشتا ھیچ ھەنگاوێك بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووك نەنراوە".

وتیشی"پرسی ئاساییكردنەوەی كەركووك دەبێ لە لایەنی سیاسی و ئەمنی و ئیدارییەوە جێبەجێ بكرێت."

رێبوار تاڵەبانی ئاشكراشیكرد "پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بەردەوامە لەسەر عەرەباندنی كەركووك و بە پیلان كار بۆ گۆڕینی دیموگرافیای كەركووك دەكرێت، لە زۆربەی ناوچەكانی عێراقەوە عەرەب ھاوردەی كەركووك دەكرێت و ناسنامەشیان پێ دەدرێت."

ڕێبوار تالەبانی ئەوەشی خستەروو"ھەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە كەركووك دەكرێن پێچەوانەی دەستوور و ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقن. بۆ نموونە، ئێستا ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك زەوی بەسەر جووتیارانی عەرەبدا دابەش دەكات، لە كاتێكدا ئەو زەوییانە گرێبەستەكانیان بەپێی یاسا ھەڵوەشاوەتەوە، كەچی بەردەوام گرێبەست بۆ عەرەبی ھاوردە نوێ دەكرێنەوە".
باسی لەوەشكرد" كەركووك بە ڕەوشێكی نادەستووری و فەوازادا تێدەپەڕیت و ھەرچی ڕوو دەدات لە دەرەوەی یاساوەیە، بۆ ئەوەی خەڵكی ڕەسەنی كەركووك نەگەڕێنەوە."