پۆڵا تاڵەبانی: هەموان كۆكبووین لەسەر ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ كارەكانی سكرتێری گشتی بەڕێوەببات

679 جار خوێندراوەتەوە کات02:58 بەروار24-09-2019
پۆڵا تاڵەبانی: هەموان كۆكبووین لەسەر ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ كارەكانی سكرتێری گشتی بەڕێوەببات

راچڵەكین ـ فەرهەنگ فەرەیدون

پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی 5ی رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا دەڵێت: " كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆكەرەوەی یەكێتییەكانە، جگە لەوەی جێگری سكرتێری گشتییە، هەموو لایەك كۆك بوون لەسەر ئەوەی كاروباری سكرتێری گشتی بكات هەتا كاتی ئەنجامدانی كۆنگرە."

پۆڵا تاڵەبانی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ راچڵەكین، باس لەبارودۆخی ئێستای ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق و چەند بابەتێكی تر دەكات.

دەقی چاوپێككەوتنەكە:

راچڵەكین: دۆخی ئێستای ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چۆنە؟

پۆڵا تاڵەبانی: دۆخی ئێستای ناوخۆی یەكێتی لە زۆركات باشترە، ئێستا بە بەردەوامی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دەكرێت، بڕیاردان لەناو یەكێتی كە لە قۆناغێكدا سەختبوو، ئێستا تێپەڕیوە دەتوانرێت بڕیار بدرێت، هەروەها باڵ باڵێن كاڵبووەتەوە ، هەموانیش كۆكن لەسەر ئەوەی كۆنگرە بكرێت و یەكێتی بە بەرنامەو ستراتیژی خۆیدا بچێتەوە، بەگشتی ئێستا كۆدەنگی هەیە و لەسەر بابەتەكان بۆچونی جیاواز كەمە.

بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی، كۆكەرەوەی یەكێتییەكانە، بەڕێزیان جگە لەوەی جێگری سكرتێری گشتییە، هەموو لایەك كۆك بوون لەسەر ئەوەی كاروباری سكرتێری گشتی بكات هەتا كاتی ئەنجامدانی كۆنگرە.

ئێمە پێمان وایە كاك كۆسرەت شیاوترین كەسە بۆ ئەم قۆناغە، بە حیكمەتی خۆی رۆڵێكی باش دەبینێت لەسەرپەرشتیكردنی یەكێتی و تیمی حزبی یەكێتی لە حكومەت، پێشموایە هەموو یەكێتییەكان لە ئەدای كۆسرەت رەسوڵ، رازین.

راچڵەكین: ئامادەكارییەكانی كۆنگرە بەكوێ‌ گەیشتووە؟

پۆڵا تاڵەبانی: لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە چەند جارێك كۆبووەتەوە، تاوتوێی ئەو پڕۆژانە دەكەن كەپێشكەش كراوە. ئامادەكارییەكان بەردەوامن و ئەوەندەی من ئاگادارم كارەكان زۆر بە باشی دەڕۆن، هیوادارم كۆنگرە لە كاتی خۆیدا بكرێت.

راچڵەكین: دەوترێت كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەتان ناكۆكییەكان زیاتر دەكات و ڕەنگە جیابوونەوەش رووبدات، لەو بارەیەوە چیدەڵێن؟

پۆڵا تاڵەبانی: كۆنگرەی چوارەم، كۆنگرەی نوێبوونەوە و رێكخستنەوەی یەكێتی دەبێت، كۆنگرە، یەكێتی لەو قۆناغە چەقبەستووییەی دوای كۆچی دوایی مام جەلال دروست بووە دەباتە قۆناغێكی دیكەو دەیبات بەرەو باشتر، ئەوەش بەو ئیرادەیەی كە ئێمە لە هەڤاڵانی دەبینین.

كۆنگرە گۆچانی سیحری نییە، چارەسەری هەموو كێشەكان بكات، واقیعێك هەیە ئێمە نابێت لە دەرەوەی ئەو واقیعە بین، كۆنگرە بەشێك گۆڕانكاری دەكات، بەڵام ناتوانرێت ئەوەی لە خواستی ئێمەدایە لە %100 بەدەستی بهێنین، بەڵام هێنانە پێشەوەی گەنج و ژنان دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

راچڵەكین: پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چ ئاستێكدان؟

پۆڵا تاڵەبانی: لێكەوتەی  هەندێك رووداو بەتایبەت ریفراندۆم بووە هۆی خراپ بوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام دواتر هەوڵدرا پەیوەندییەكان بەشێوەیەكی تازە دروستبكرێتەوە.

ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان بناغەیەكی باشمان لە بەغدا هەیە، ئەو بناغەیەش مامجەلال، بەچارەسەری كێشەكان و كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی عیراق دروستی كردووە، ئێمەش لەسەر ئەو رێبازانەی مام جەلال، دروستیكردووە، كاردەكەین و بەردەوامین، هەمیشە هەوڵمانداوە رۆڵێكی باش ببینین لەنێوان هەولێر و بەغدا.

پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدا لەسەر كۆمەڵێك بنەمای دەستوری دیاری كراوە، ئەگەر ئەو بنەمایانە جێبەجێ بكرێت ئێمە هیچ كێشەیەكمان نابێت لەگەڵ بەغدا.

كۆمەڵێك رێككەوتن هەیە لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا، بەشێكی ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغداو جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، بۆنمونە بابەتی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبەغدا كە لەمپەری لەبەردەم دروستكراوە و بووەتە هۆی ئاڵۆزی نێوان هەولێر و بەغدا.

لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ چارەسەری كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێمە هیوادارین پێش ناردنی پڕۆژەیاسای بوودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەو رێككەوتنە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بەشەبوودجەی هەرێم جێگیر بكرێت.

راچڵەكین: دەوترێت حكومەتی ئێستای عیراق جیاوازترە لە حكومەتەكانی پێشتر، سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی، زیاتر لەگەڵ چارەسەری كێشەكانی كوردە، كورد دەبێت چی بكات بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە لەدەست نەدات؟

پۆڵا تاڵەبانی: ئەم قسانە راستن، عادل عەبدول مەهدی پیاوێكی میانڕەوە و دەتوانرێت رێككەوتنی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئەویش بەتەنها بڕیار نادات، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لێپێچینەوەی لێدەكەن، حزب و لایەنە سیاسییەكان فشاری لێدەكەن.

دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە تەنها لە دەستی عادل عەبدول مەهدی نییە، بەڵكو بەشێكی پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، حكومەتی هەرێم دەبێت هیچ پاساوێك نەدات بەدەست حكومەت و ئەو كەسانەی دژی هەرێمن بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە.

حكومەتی عیراق تارادەیەك هەستاوە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، ئەوە چەند مانگێكە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێمیش پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت.

راچڵەكین:  ئێوە وەك بەرپرسی مەڵبەندی حزبەكەتانن لە بەغدا، رۆژانە بەركەوتنتان هەیە لەگەڵ هاوڵاتیان و لەنێویشیاندا كوردانی فەیلی، پرسیارەكەم ئەوەیە دەوترێت كوردانی فەیلی نیگەرانن لە حكومەتی هەرێم، بەڕادەیەك هەندێكیان واز لە ناسنامەی خۆیان دەهێنن، ئەمە تاچەند راستە؟

پۆڵا تاڵەبانی: كوردانی فەیلی خاوەنی قوربانیدانێكی زۆرن لەپێناو كورد بونیاندا، راستە وەك پێویست حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق، خزمەتی بەم توێژە گرنگە نەكردووە، هەتا جەنابی مام جەلال لەژیاندا بوو، زۆر گرنگی بە كوردی فەیلی دەدا، لەناو سەرۆكایەتی كۆمار فەرمانگەیەكی دروست كردبوو بەناوی كاروباری كوردانی فەیلی.

ئەو قسەیە راست نییە كە كوردانی فەیلی حاشا لە كورد بوونی خۆیان دەكەن، نەك ئەوان هیچ كوردێك نییە حاشا لە كورد بوونی خۆی بكات.

پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی 5ی رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا