بەرەبەیانی بەڵێ-ی كوردان بۆ سەربەخۆیی

57 جار خوێندراوەتەوە کات10:37 بەروار25-09-2019
بەرەبەیانی بەڵێ-ی كوردان بۆ سەربەخۆیی

راچڵەكین-

 رۆژی 25\9\2017، لە%93 هاوڵاتیانی باشوری كوردستان بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم-یشەوە دەنگیان بە (بەڵێ)دا بۆسەربەخۆیی.

بڕیاری ریفراندۆم 

رۆژی 7\6\2017، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پێكهێنرا، كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دەكرد و جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، نوێنەری هەموو حزبە سیاسییەكانی باشوری كوردستانی تێدابوو.

سەرەتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵكی باشوری كوردستان بڕوایان نەبوو سەركردایەتی سیاسی كورد هەنگاوێكی هێندە گەورەی پێبنرێت، بەڵام لەگەڵ دیاری كردنی رۆژی 25 ئەیلول و دەستپێكردنی بانگەشە بۆ ریفراندۆم، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زانیان كورد ئەمجارە یەكگرتووە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم

بەدیلەكانی ریفراندۆم لای كورد پەسەند نەبوو

عێراق و وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتێكی دیكە داوای دواخستنی ریفراندۆمیان دەكرد، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم هیچ جێگرەوەیەكی بۆ ریفراندۆم نەخرایە بەردەست و بە هیچ یەكێك لەو داواكاریانە قایل نەبوو، چونكە كێشەكانی هەرێم لەگەڵ حكوومەت و دەوڵەتی عێراق گەیشتبووە لوتكە و وەك ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەیانوت: "بەغدا باوەڕی بە هاوبەشی نەماوەو زیاتر لە 55 بڕگە و بەندی دەستووری پێشێلكردووە، ئەگەر نەتوانین دوو هاوبەشی راستەقینە بین، باشترە دوو دراوسێی باش بین". 

لە 14\9\2018، شاندێكی باڵای هاوپەیمانان لە برێت مەكگۆرك، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا و یان كۆبیچ، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لەعیراق و فرانك بەیكر، باڵیۆزی بەریتانیا گەیشتنە لای بارزانی.

كۆبوونەوەكە لە سەنتەری سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە دهۆك بەڕێوەچوو، تیایدا وەفدەكە بەدیلێكیان لە جێگای بەڕێوەچونی ریفراندۆم خستەڕوو،لە كۆبونەوەكەدا ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یوئێن، پێشنیازیان كردووە، پرسی كورد و ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم ببردرێتە كۆبونەوەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان. داواشیانكردبوو بۆ دوو ساڵ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دوابخرێت، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد ئەمەی رەتكردەوە. 

 كۆبوونەوەی هاوپەیمانان لەگەڵ بارزانی

  "لەبەر ریفراندۆم پەرلەمان كاراكرایەوە"

رۆژی 12\10\2015 پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازگەی دێگەڵە رێگریكرد لە د.یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بچێتە شاری هەولێر، بەو هۆیەشەوە پەرلەمان پەكخرا.پاش نزیكەی دوو ساڵ، حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیاریاندا پەرلەمان كارا بكرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 30 \7\2017، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە خاڵی دووەمی راگەیاندراوی كۆبوونەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد:"  كۆبوونەوە بڕیاری دا لە ماوەی دوو هەفتە دا پەرلەمانی كوردستان دەستبەكار بكات بۆ چارەسەری كێشەكان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم."

پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە، بەزۆرینەی دەنگی ئەندام پەرلەمانەكانی بڕیاریدا رۆژی 25 ئەیلول ریفراندۆم ئەنجام بدرێت.

ناوچە دابڕاوەكان بەشداربوون لە ریفراندۆم

هەرچەندە پێكهاتەكانی عەرەب و توركمانی كەركوك دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد سوربوو لەسەر ئەوەی ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجام بدرێت.

لەگەڵ زیادبوونی دژایەتی ریفراندۆم لە كەركوك، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم سورتر دەبوو لەسەر ئەنجامدانی بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 12\9\2017، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سەرۆكی هەرێم سەردانی كەركوكیان كرد، ئەمەش گڕوتینی زیاتری بە كوردانی كەركوك ناوچەكانی دیكەدا بۆ دەنگدان بە (بەڵێ) و جیابوونەوە لە عیراق.

بانگەشەی هاوڵاتیانی كەركوك بۆ ریفراندۆم

نەخێر لە ئێستادا

بازرگانی دیاری شاری سلێمانی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی كۆمپانیایی نالیا، لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە، كەمپینێكیان راگەیاند دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلول، بەڵام نەیانتوانی كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر هاوڵاتیانی  هەرێمی كوردستان دابنێن.

شاسوار عەبدولواحید

شاسوار عەبدولواحید  رۆژی 9\9\2017 نەخێر لە ئێستادا، لە یاریگای سلێمانی بانگەشەیان بۆ كەمپینەكەیان ئەنجامدا، بەڵام كەمی بەشداری هاوڵاتیان ئەو ترسەی لای ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم رەواندەوە، كە هاوڵاتیانی كوردستان بڵێن "نەخێر" بۆ سەربەخۆیی .

كەمپینی نەخێر لە ئێستادا، كاریگەری لەسەر ریفراندۆم نەبوو، بەڵام بناغەی دروستبوونی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، كە ئێستا وەك حزبێك لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی هەیەو لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان نوێنەری هەیە. 

"ریفراندۆم لەدەست حزبەكان دەرچووە"

رۆژی 22\9\2017، كەرنەڤاڵێكی گەورەی جەماوەری لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر ئەنجامدرا، لە وتارێكدا كە لەو كەرنەڤاڵەدا پێشكەشی كرد مەسعود بارزانی دوایین پەیامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی بە هاوپەیمانان، عیراق و دراوسێكاندا و وتی"ریفراندۆم لەدەست من و حزبە سیاسییەكان دەرچووە، ئێستا ئەنجامدانی ریفراندۆم لەدەستی گەلدایە"
 
لە درێژەی قسەكانی بارزانی جەختی لەوەكردەوە كەهیچ گفتوگۆیەك ناكەن، تا ئەوكاتەی ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت.

وتاری مەسعود بارزانی لە هەولێر

رۆژی 24\9\2017، جارێكی دیكە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم كۆبووەوە بۆ قسەكردن لەبارەی بەدیلەكانی هاوپەیمانان لە بەرامبەر ریفراندۆم، بەڵام ئەنجومەنەكە كۆتایی بە دەنگۆی ئەنجامنەدانی ریفراندۆم هێنا، بەراگەیاندراوێك جەختی لەوەكردەوە كە ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت.

لە %93 هاوڵاتیان دەنگیان بە (بەڵێ‌) دا

بەیانی رۆژی 25\7\2017، لە هەندێك لە ماڵەكانی باشوری كوردستان وەك مەراسیمی جەژن خواردنی بەیانی ئامادەكرا، جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی دیكە هەمووان بەجلی كوردی چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، كەركوكییەكانیش بە دەهۆڵ و زوڕنا و هەڵپەڕكێ‌ دەنگدانیان بە ریفراندۆم بەڕێكرد كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی ریفراندۆمی راگەیاند، ئەنجامەكە پێشبینی كراوبوو بۆ هەمووان و لە %93ی هاوڵاتیانی باشوری كوردستان دەنگیان بە بەڵێ‌ دا بۆ جیابوونەوە لە عیراق و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان.