داخستنی کوردساتەکان و وتارەکەی شاناز خان

471 جار خوێندراوەتەوە کات12:19 بەروار28-09-2019
داخستنی کوردساتەکان و وتارەکەی شاناز خان

 سەمەد زەنگەنە...

ڕەبی موی لێبێ زمانی ئەو یەکێتیەی بە داخستنی کوردسات شوکرانەبژێرەو پەنجەکانیشی هەڵوەرێت ئەو یەکێتیەی دەستی هەبوە لە داخستنیان .

هەرچەندە دڵنیاشم دەرنەکەوتنی ئەو نێرگسە( کاتی) یەو لە چەند ڕۆژێکدا وەکو موژدەبەخشی بەهارێکی تەڕ ، بۆن و دەنگ و ڕەنگی ڕاگەیاندنی یەکێتی پڕ جۆشتر دەکات .

بەڵام ئەوەی بە لای منەوە جێی بایەخ و سەرنجێکی قوڵە ، چەند دێڕو پەرەگرافێکی وتارەکەی شاناز خانە کە دەرکەی لە ڕوی کۆمەڵێک پرسیاردا کردەوەو ، حەقیقەتی کۆمەڵێک تەلەسمی شکاندو نهێنیەکانی سندوقە ئەفسوناویەکەی خستە سەر پشت .

شاناز خان دەڵێت : ( ئەو یەکێتیەی ئەمڕۆ چیتر نە یەکێتیەکەی ئێمەیەو نە یەکێتیەکەی مامەو نە یەکێتیەکەی جاری جارانە ....) 

ڕاستەو کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات ئەم یەکێتیەی ئێستا ئەوەی جاری جاران نیە ، هەموو یەکێتیەک هۆکاری ئەو گۆڕانکارییە دەزانێت ، بەڵام مەبەستی تۆ لە ( جاری جاران ) چیە ؟ خۆ سەرکردەکانی ئێستاو جەماوەرو ڕێکخستنەکان ، ئایدۆلۆژیاکەش هەر ئەوەی ( جاری جاران ) ە ، یان مەبەستت ئەوەیە کە جاری جاران تەنها کار بە ڕێنماییەکانی تۆ دەکرا ؟
دادەی من : تەنهاچەترو کاریزمای مامە بوو هەموو ناکۆکیەکانی داپۆشیبوو ، حیکمەتی مامە بوو نادادپەروەریەکانی شاردبوەوە ،هەرچەندە جارجارە لە (جاری جاران )دا و لە نەستی عەقڵی خەفەکراوی سەرکردەکاندا یاداشتی ناڕەزایی دەنوسران و تەکەتول دەکراو جیابونەوەش ڕویدەدا ، بەڵام شەرمکردن لە گەورەیی مام و هەژمونی کاریزمایی مام پاڵنەرە کپکراوە وروژێنراوەکانی دەگەڕاندەوە قوڵایی نەستی سەرکردەکان ، بۆیە پێت سەیر نەبێت دوای کۆچی مام هەموو دەرکە خەفەکراوەکان کرانەوەو سەرجەم گرێ دەرونیەکانی نەست وەکو دۆمەڵانی پارساڵ لە زەمینی لەباری یەکیتیدا سەریان هەڵدا .

یەکێک لەبەر گەورەیی و هێشتنەوەی بە مەزنی یەکێتی ، دەیویست ببێت بە برا گەورە ، ئێوە قبوڵتان نەکرد !

یەکێکی تر کە دەمێک ساڵ بوو خەونی بە جێگەکەی مامەوە دەبینی ، بە حورمەتەوە جیا بوەوەو حزبیشی ڕاگەیاند ، بەڵام نەیزانی هەمومان لە ناو یەکێتیدا باڵامان بەرزەو لوتمان لە کەشکەڵانی فەلەک دەسوین ، بەڵام لە دەرەوەی یەکێتی قەزەمێکی بێحورمەتین ، هەر خۆتان هێناتانەوەو بە نیازیشن بیخەنە سەر کورسی عەرشی مامە .

ئەو دێڕو پەرەگرافەی وتارەکەی شاناز خان کە لای من و سەدانی وەکو من تازەو نامۆ بون ، باسکردنی نا جێگیری و نا تەبایی و هەتا بونی گلەیی و گازەندەی شاناز خانە لە کوڕانی مام !!!

ئێمە  ئێستەش ئەو دوو کوڕە بە گەورە پشکداری یەکێتیەکەی مام دەزانین ، ئێمە حکومەتەکەی یەکێتیمان بە کوڕێکی مام سپاردوەو ، لە ئایندەی یەکێتیشدا ئەویتریان بە کۆڵەکەیەکی پتەوی بوژانەوەو هەستانەوەی یەکێتی لە قەڵەم دەدەین ، کەچی تۆ بە بێهەڵوێست و بێباک ناویان دێنی .

دادەی من ... بە دابینکردنی ساڵانەی بەشداریی کوردساتەکان دەکەونەوە کارو خزمەتی یەکێتی ، بەڵام هەرگیز وشە ڕەقەکان ، نە هەڵوێستەکان دەگۆڕن و نە برینەکانی یەکێتی ساڕێژ دەکەن و نە قەیرانەکانی ڕێکخستن و ڕوناکبیری و دارایی یەکێتی چارەسەر دەکەن .