پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول كۆچی دوایی كرد

135 جار خوێندراوەتەوە کات09:59 بەروار03-10-2019
پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول كۆچی دوایی كرد

راچڵەكین-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-10-2019، پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسول، لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

د. عیزەدین مستەفا رەسوول، لە ساڵی 1934 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، مەلا مستەفای باوکی بە سەفەوەت ناسراوە و شاعیر و رووناکبیرێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە.
 
د. عیزەدین سەرەتا لای باوکی لە مزگەوتەکەی خۆیان "مزگەوتی حاجی مەلا رەسوولی دێلێژە" دەست بە خوێندن دەکات، ساڵی 1939ـش وەکو گوێگر و پاشان قوتابی لە قوتابخانەی "غازی" دەست بە خوێندن دەکات.

 

سەرەتا لە کۆلێژی شەریعە لە بەغدا دەست بە خوێندنی زانکۆ دەکات، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە سیاسەتەوە خوێندنی پێ تەواوناکرێت و دەردەکرێت، دواتر لە ساڵی 1951 لە خانەی باڵای مامۆستایان دەست بە خوێندن دەکاتەوە.

 بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکەی ساڵی 1952 لە بەغدا بریندار دەبێت، لە دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی 1958 خانەی مامۆستایان تەواو دەکات و لە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە بەغدا دادەمەزرێت.

ساڵی 1963 لە باکۆ دوکتۆرا وەردەگرێت، لەسەرداوای حیزبی شیوعی عێراقی دەچێتە سۆفیا پایتەختی بولگاریا، لەوێ سەرپەرشتی رادیۆی نهێنی دەنگی گەلی عێراق دەکات، ساڵی 1965 دەگەڕێتەوە کوردستان دەبێت بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عێراق، دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای سەرۆکی شۆرشی کورد، مەلا مستەفا بارزانی، بەهۆی هەوڵدانی مەلا مستەفاوە لە زانکۆی بەغدا بەشی کوردی دادەمەزرێت، ساڵی ١٩٧٩ جارێکی دیکە دەچێتەوە مۆسکۆ و درێژە بەخوێندن دەدات.