یۆتۆپیا ..گەڕانێکی ئەزەلی بەدوایی نیشتمانێکی ئایدیاڵ

383 جار خوێندراوەتەوە کات11:25 بەروار03-10-2019
یۆتۆپیا ..گەڕانێکی ئەزەلی بەدوایی نیشتمانێکی ئایدیاڵ

ڕاچڵه‌كین- هه‌ڤین كه‌مال

ئەم سەردەمەی ئێمەی مرۆڤی ئەم سەدەیە تێیکەووتوین سەردەمێکی ڕەق و واقیعی و ڕژدە، کەسانی خاوەن بیری واقیعی و کردەی پراکتیک و ڕیالیستیک زیاتر ژیانمان بەڕێوە دەبەن، ئەوانەی دوورن لە دونیابینێکی جیاواز بۆ کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی تەنیا ئەوە دەبینن کەلەبەرچاویاندا ھەیە، سەردەمێک نیە بۆ خەون بینین، بگرە خاوەن خەونەکان و ئەوانەی دونیابینیەکی جیاوازیان ھەیە بۆ کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی و بەجۆرێکی تر بیر لەژیان دەکەنەوەو باوەڕیان بەکۆمەڵگایەک ھەیە کە دادپەروەری ویەکسانی کۆمەڵایەتی سیما دیارەکەی بێت، بوونە گاڵتەجاڕو جێگای تانەو تەشەر .

سەردەمێکە ڕێکەوتنە سیاسیە ژێر بەژێرەکان و چارەسەرە بەیناوبەینەکان ژیانمان بەڕێوە دەبات، ئەو چارەسەرانەی کە ھەرگیز لە ڕەگ و ڕیشەوە کێشەکان چارەسەر ناکات بۆ نەھێشتنی خراپەکاری و گەندەڵی سیاسی و ئابووری و ھەژاری، بەڵکو دەچیت چارەسەری کاتی و نەگونجاویان بۆ دەدۆزێتەوە، بۆ نموونە "ھۆکارەکانی ھەژاری لەناونابات لەکۆمەڵگادا بەڵکو دەچیت چەندەھا ڕێکخراوی خێرخوازی دروست دەکات بۆ یارمەتیدانی ھەژاران کە لەجیاتی ئەوەی سوودیان پێبگەیەنێت، دەیانکات بە کەسانی پلە دوو و بێکار لە کۆمەڵگادا و ھەست بە کەمبوونی خودیان تیا دروست دەکات". 

زۆرینە دەڵێن بیرکردنەوەی واقیعی و ڕیاڵستیک گرنگە بۆ ژیانی ئەمڕۆمان ، ئەمە بە دیوێکدا ڕاستە بەڵام بەدیوەکەی تردا نابێت ئەوەمان لەبیر چێت ھەمیشە خەونە گەورەکانی بیرمەند و فەیلەسوفەکان بۆ دروست بوونی کۆمەڵگایەکی باشترو نیشتمانێکی ئایدیاڵ و یۆتۆپیایەک لەسەر زەوی ھۆکاری پێشکەوتنەکانی مرۆڤ بووە و بەردی بناغەی دروست بوونی شارستانیەت بووە .

نوسەر و شاعیری فەرەنسی ( ئەناتول فرانس ) دەڵێت : ( ئەگەر یۆتۆبیای سەدەکانی تر نەبوایە ، ئەوا ھەتا ئێستا لە ئەشکەوت و دارستانەکان بەڕووتی دەژیاین . یۆتۆبیاکان بوو یەکەم نەخشەی دروستکردنی شارەکانیان ھێنایە کایەوەو ھەرخەونە گەورەکانیشە لەدوایدا واقیعێکی سوود بەخش دروست دەکەن. یۆتۆبیا بنەمای ھەموو پێشکەوتنێکەو ھەوڵ دانە بۆ گەشتن بە داھاتوویەکی باشتر ).

یەکەم کەس کە زاراوەی یوتۆپیای ھێنایە کایەوە ، بیرمەند و نوسەری بەریتانی "سێر تۆماس مۆر " بوو ، ئەویش کە ڕۆمانێکی فەلسەفی خەیاڵی نووسی بەناوی (utopia) کەلەساڵی ١٥١٦ دا بە زمانی لاتینی بڵاوکرایەوە . 

ڕۆمانەکە باس لەدوورگەیەک دەکات کە دانیشتوانی بە ئاسوودەیی دەژین لە ژێر سایەی سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی ئایدیاڵ بە پێی بیروبۆچوونی مۆر خۆی و بۆ ئەو کاتەی ئەو تیایدا ژیاوە .

لەڕاستیدا ووشەی (utopia) ووشەیەکی لاتینی یە کە لە دوو بڕگە پێک ھاتووە، کەئەویش بڕگەی (ou) کەمانای (نا ) دەگرێتەوە، لەگەڵ بڕگەی (topia) کەمانای (شوێن )ە یاخود نیشتمان، واتە مانای ووشەکە یانی (نا شوێن ) یاخود ئەو شوێنەی لە ھیچ شوێنێکی تر نیە . بەڵام مۆر حەرفی (o) کەی لابردووەو کورتیکردۆتەوەوە بۆ utopia.

ھەندێک لە توێژەرەوەکان دەڵێن دەتوانین ووشەی ئیۆتۆپیا بۆ ھەمان مەبەست بەکاربێنین کە ئەمیش ھەر ووشەیەکی لاتینیە (Eutopia)، کە لێرەدا بڕگەی (Eu)بە مانای خۆشبەختی دێت، و (topia)بە مانای نیشتمان یاخود شوێن، کەلەگەڵ یەکدا بەمانای نیشتمانی خۆشبەختی دێت .

واتە دەتوانین بڵێن یۆتۆپیا و ئێۆتۆپیا جیاوازییەکی وایان نیە، چونکە ئەو نیشتمانەی لە ھیچ شوێنێک نیە ئەو نیشتمانەیە کە جێگای خۆشبەختی و ئاسوودەیی مرۆڤەکانە، لەڕاستیدا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو و بۆ ٤٠٠ساڵ پێش زایین بۆمان دەردەکەوێت کەیەکەم کەس بیری لەو نیشتمانە یۆتۆپییە کردەوە و وێنای کرد وەکو سیستمێکی سیاسی و پەروەردەیی و زانستی و ئەخلاقی تەواوکەری یەکتر، فەیلەسوفی یۆنانی ( ئەفلاتۆن ) بوو .

ئەفلاتۆن لەزۆر لەکتێب و نوسینەکانیدا باسی لەم نیشتمانە ئایدیالە کردووەو بەتایبەتی لەکتێبی کۆمارەکەیدا، کەزۆر بەجوانی شیکردۆتەوە کەدەبێت ئەم کۆمارە چۆن بێت و بنەماکانی چیبێت . کۆمارەکەی ئەفڵاتۆن یەکەم ھەوڵ بوو بۆ دروستکردنی نیشتمانێکی ئایدیال و یۆتۆپیی کە تەنیا لەخەیاڵی ئەو فەیلەسوفەدا ھەبوو و لەسەر گۆی زەوی مەحاڵ بووە.

بەڵام ھەروەکو نووسەری ئەمریکی وول دیۆرانت دەڵێت : ( ئەفلاتۆن فەیلەسوفێکی خەیاڵاوی نەبوو ، بەڵکو کەسێکی واقیعی و دنیادیدە بوو و کێشەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدا شایەتحاڵی ئەوەن . دانیشی بەوەداناوە لە کتێبەکەیدا کە کۆمارە نموونەییەکەی قورسە پێکھێنانی ، بەڵام دیدی ئەو بۆ دروستکردنی ئەو کۆمارە لەوەوە سەریھەڵدابوو کە بنیاتنانی ئەو خەونانە لە بیر وھۆشی مرۆڤ دا ھەمیشە کاریگەری خۆیی ھەیە بۆ پێشکەوتن . گرنگی مرۆڤ لەو توانایەتی بۆ پێشبینیکردنی جیھانێکی باشتر و ھەوڵ دان بۆ بەدیھێنانی بەشێکی بچووک لەو خەونانە ئەگەر گشتیشی نەبێت ).

ئەگەر بە مێژوودا گوزەر کەین چەندەھا بیرمەند و فەیلەسوف بە جۆری جیاواز باسی یۆتۆپیا و خەونی دروستبوونی نیشتمانێکی ئایدیاڵ و بەھەشتێکیان کردووە لەسەر زەوی . 

ئەوەتا _فریدریک ئەنجیلز _ بەشێوەیەکی جیاواز لە کتێبی ( سۆشیالیزم : یۆتۆپیا و زانست ) باس لەم کۆمەڵگا یۆتۆپیە دەکات و دەڵێت : ( ھەموو دونیابینیەک بۆ کۆمەڵگایەکی نموونەیی ئەگەر سۆشیالیزم و زانست بەردی بناغەی نەبن دونیابینیەکی ناتەواوە، تەنیا یۆتۆپیایەکە کە تاک ھەڵدەخڵەتێنێت و بەلاڕێدا دەیانبات ) .

بیرمەند و نووسەر ھ. ج.ویلز لە کتێبی ( یۆتۆپیای نوێ ) دا باس لەوە دەکات کە" دەبێت زیاتر بابەتیانە بین و یۆتۆپیا کۆنەکان ڕەت بکەینەوە، چونکێ مەحاڵە دروستبوونی کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی کە یاسا باڵادەست بێت تیایدا بێ کێشەی ناوەکی و یاخود یاخیبوونی تاکە کەسی، باشترە بیر لە دروستکردنی دەوڵەتێکی دادپەروەر بکەینەوە کە مەرج نیە نموونەیی بێت بەڵکو تەنیا نزیک بێت لە نموونەیی، و جوگرافیایەکی دیاری کراوی نەبێت بەڵکو ھەمووسەر گۆی زەوی بگرێتەوە ) .

فەیلەسوفی ھیوا _ ئەرنست بلۆخ _ بەجۆرێکی تر دەڕوانێتە چەمکی یۆتۆپیا و نیشتمانی ئایدیال و مانای نوێیان دەداتێ .
" نیشتمان لای بلۆخ سەرزەمینێکی ئامادە نیە کە ئێمەی تیا لەدایک دەبین ، بەڵکو جێگایەکە دروستی دەکەین ، ئەو جێگایە نییە کەتیایدا دەژین بەڵکو ئەو جێگایەیە کەبەرەو ڕووی دەڕۆین . سەرزەمینی ھاتنەدی ھیواو گەشبینیەکانمانە . شوێنێکە دەشێت ھەبێت و ھەموو ڕووی تێبکەین، واتە سەفەرێکە بەرەو دەرەوەی شتەکان، بەرەوە دەرەوەی ئێستا و بەرەو دەرەوەی ئەو شتانەی گەمارۆمان دەدەن " .

لەکتێبی ( چیرۆکی یۆتۆپیا ) دا دەبینین بیرمەند _ لویس ممفۆرد_ یۆتۆپیا دابەش دەکات بە دووجۆرەوە :
 
-- یۆتۆپیای ڕاکردن . کە لێرەدا ئێمە لەواقع و ژیانی ڕاستەقینە ڕادەکەین و بیر لەشوێنێکی خەیاڵی و ئایدیاڵ دەکەینەوە بۆ ژیان کەئەم بیرەش مەحکومە بە کۆمەڵێک ڕەھەندی سیاسی و ئایدۆلۆژی و ئاینی بۆ ژیان .

-- یۆتۆپیای بنیاتھێنەر .کەلێرەدا دونیابینیەکی واقیعی و ڕیالستیک ھەیە بۆ چاکردنی کۆمەڵگا و ژیان . بۆ نموونە " بۆ ئەوەی مرۆڤ خانویەک دروست بکات بۆ بەدیھێنانی پێداوستییە سەرەتاییەکانی، پێویستە ڕای ئەندازیارێک وەربگرێت و کرێکار بێنێت دروستی کات ، نەک پەنا بەرێت بۆ خەیاڵ ". 

ئەگەر بێن و بەراوورد بکەین لەنێوان بیروو ڕای گرنگترین بیرمەند و فەیلەسوف و ئەدیب و سیاسیەکان کە یاساکانی یۆتۆپیایان داناوەو باسیان کردووە، بۆمان دەردەکەوێت کە بیری یۆتۆپی دەکرێت بە دووکۆمەڵی سەرەکی . یەکەم : ئەو کۆمەڵەیە کە مەسڵەحەت و قازانجی کۆمەڵ دەخاتە پێش ھەمووشت ، ھەر یاخیبوونێکی تاک مەحکوم دەکات و سزای دەدات ، ئەمیش زیاتر لە بیری فەیلەسوفەکانی پێش مۆدێرنەدا دەردەکەوێت .

دووەم: ئەو کۆمەڵەیە کە ئازادی تاکی لا گرنگترە و بە ھەدەفی سەرەکی دادەنێت. ھەر لەبەرئەوەش ئەو یاسایانەی لەلایەن کۆمەڵەوە دادەنرێت نابێت دژی ئارەزوو و ئازادیەکانی تاک بێت . 

ئەگەر زۆرینەی فەیلەسوف و بیرمەندەکان کۆک نەبن لەسەر بیرو فکری یۆتۆپی ، بەڵام توێژەرەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دیاردەی ( یۆتۆپیا) ھەمیشە دیاردەیەک بووە بۆ پڕکردنەوەی خواستی مرۆڤ ، ھەمیشە ھۆکارەکەی خراپی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلەکان بووە و لە کاتی سەردەمە تاریکەکان و کێشەکان دا ھاتۆتە کایەوە .

ئەوەی پێویستە ئێمە بیزانین وەکو مرۆڤی ئەم سەدەیە ئەوەیە، کەیۆتۆپیا خەیاڵێکی شاعیرانەو ئەدیبانە نیە کەدژ بە عەقل و مێشک و واقع بێت .

بەڵکو ھەوڵدانی مرۆڤە ھەر لە ئەزەلەوە بۆ گۆڕانکاری و باشترکردنی ژیان، یۆتۆپیا باوەڕبوونە بە توانایی مرۆڤ بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری و یەکسانی لەسەر زەوی نەک لەئاسمان و لەخەیاڵدا، یۆتۆپیا ھەوڵدانێکی مێژوویی دوورودرێژە بۆ بنیات نانی کۆمەڵگایەکی جیاواز، کۆمەڵگایەک پر لە دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی .

ھەروەک چۆن نوسەری ئیرلەندی ئۆسکار وایلد دەڵێت : ( ئەگەر نەخشەی جیھان یۆتۆپیاکانی تیا نەبێت، ئەوە شایەنی سەیرکردنیش نیە، چونکە ئەو ووڵاتە غافڵ دەکات کە ھەمیشە کەشتی مرۆڤایەتی بەرەوڕووی دەڕوات و لەکەنارەکانیدا ئارام دەگرێت . ھەر کاتێک لەدوورەوە ووڵاتێکی تری بینی بەرەو ڕووی ئەو کەشتییەکەی تاو دەدات، لە ڕاستیدا پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بەدیھێنانی یۆتۆبیاکانی مێژووە ) .


پەراوێز و سەرچاوەکان : 

١- المدینه‌ الفاچله‌ عبر التاریخ .
تالیف: ماریا لویزا برنیری . ترجمه‌: د.عطیات ابو سعود .
ص ٢٥ ، ٦٥ ، ١٦٨.

٢- یوتوبیا ( مفھوم و دلالاته فی الحچارات الانسانیه‌) .
تالیف: شریف الدین بن دوبه‌، ص ٢٤، ٥٤.
٣- یوتوبیا . تالیف : توماس مور 
ترجمه‌: انجیل بطرس سمعان ،ص ٥٩ .
٤- قصه‌ الفلسفه‌ .تالیف : ول دیورانت .
ترجمه‌ : فتح الله محمد ،ص٦٤ .
٥- سێوی سێھەم .نووسینی : بەختیار عەلی ، لا ٢٦ .