كێشانی جگه‌ره‌ بۆ ماوه‌ی‌ 40 ساڵ چی له‌ جه‌سته‌ی‌ مرۆڤ ده‌كات؟

122 جار خوێندراوەتەوە کات11:10 بەروار07-10-2019
كێشانی جگه‌ره‌ بۆ ماوه‌ی‌ 40 ساڵ چی له‌ جه‌سته‌ی‌ مرۆڤ ده‌كات؟

ڕاچڵه‌كین-

كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكی بۆ نه‌خۆشیه‌كانی دڵ ئاشكرایان كردوه‌ كه‌ 24.8 ملیۆن ئه‌مه‌ریكی جگه‌ره‌ ده‌كێشن و ئه‌مه‌ش هۆكاری مردنی 440 هه‌زار  كه‌سه‌ له‌ ساڵێكدا و كێشانی جگه‌ره‌ هۆكاری مردنی زیاتر له‌ %18 ی هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته‌یه‌.

كێشانی جگه‌ره‌ بۆماوه‌یه‌كی درێژ ده‌بێته‌ هۆی توشبوون به‌ نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و جه‌ڵته‌ی‌ مێشك و سست بوونی سوڕی خوێن و شێرپه‌نجه‌ی‌ گه‌ده‌ و سیه‌كان و چه‌ندین كێشه‌ی‌ ته‌ندروستی دیكه‌.

له‌ناو جگه‌ره‌دا زیاتر له‌ 4 هه‌زار مادده‌ی‌ كیمیاوی هه‌یه‌ و 60 دانه‌یان هۆكاری سه‌ره‌كی توشبوونن به‌ شێرپه‌نجه‌.

به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌كانی سه‌نته‌ری "مایۆ كلینیك" ی به‌ناو بانگ جگه‌ره‌ كێشان هۆكاری %87 ی مردنه‌ به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی‌ سییه‌كان له‌ ئه‌مه‌ریكا و هه‌تا ڕێژه‌ و ماوه‌ی‌ كێشانی جگه‌ره‌ زیاتر بێت مه‌ترسی له‌سه‌ر كه‌سی جگه‌ره‌ كێش زیاتر ده‌بێت.

كه‌سانی جگه‌ره‌ كێش دوو بۆ چوار جار زیاتر مه‌ترسی توشبونیان هه‌یه‌ به‌ نه‌خۆشیه‌كانی دڵ به‌ به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ی‌ جگه‌ره‌ ناكێشن و جگه‌ له‌وه‌ش جگه‌ره‌ كێشان هۆكاری سه‌ره‌كی توشبوونه‌ به‌  نه‌خۆشی ڕه‌بۆ و هه‌وكردنی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ و سییه‌كان.

كێشانی جگه‌ره‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ واده‌كات خوێن وه‌ك پێویست نه‌چێت بۆ پێست و به‌هۆیه‌وه‌ پێست خۆراك و مادده‌ی‌ پێویستی پێ نه‌گات و ئه‌مه‌ش واده‌كات زوو چرچ ببێت، دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ له‌ كێشانی جگه‌ره‌ و په‌یڕه‌وكردنی سیستمی خۆراكی ته‌ندروست چانسی ته‌مه‌نێكی درێژترت پێ ده‌دات.