راگه‌یه‌ندراوێك له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانه‌وه‌

1062 جار خوێندراوەتەوە کات07:59 بەروار08-10-2019
راگه‌یه‌ندراوێك له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانه‌وه‌

راچڵه‌كین

كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان كۆتایی هات و ده‌ڵێت،  وه‌ك هێزێكی‌ به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به‌ ڕاپه‌راندنی‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانیی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و دیموكراسیه‌كان‌و به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به‌ چاره‌نوسی گه‌لی‌ كوردستان، به‌ووردی‌‌و ووریاییه‌وه‌ چاودێری‌ دۆخه‌كه‌‌و گۆڕانكاری‌ ‌و پێشهاته‌ نوێیه‌كان ده‌كه‌ین.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسی

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ (8/10/2019) به‌سه‌رپه‌رشتی‌ هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ كۆبوه‌وه‌.

 له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری‌ دووه‌می‌ سكرتێری‌ گشتی‌ به‌رێگای‌ (ڤیدیۆكۆنفرانس) به‌شداربوو، دوایین پێشهات‌و گۆڕانكارییه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ دۆخی‌ سیاسی‌ كوردستان‌و عێراق‌و ناوچه‌كه‌ به‌ووردی‌ تاوتوێ كران. 

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی‌ عێراق‌و خۆپیشاندانه‌كان، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ خۆپیشاندانی‌ هێمنانه‌، له‌پێناوی‌ چاكسازی‌ بنه‌ڕه‌تی‌‌و به‌گژاچونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و باشكردنی‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك‌و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان، مافێكی‌ ڕه‌وایه‌. 

هه‌روه‌ك هه‌موو جۆره‌ توندوتیژییه‌ك له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ به‌كاربهێنرێت كارێكی‌ نادروست‌و ڕێگه‌پێنه‌دراوه‌و ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ شێواندنی‌ ئارامی‌‌و ئاسایشی‌ عێراق‌و به‌لارێدابردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان‌و وونكردنی‌ ئامانجی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران. 

مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌وانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ ریزه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران ‌و هێزه‌كانی‌ ناوخۆ گیانیان له‌ده‌ستدا و هیوای‌ زووچاكبونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازێت، پێداگریش ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو هێزه‌ نیشتمانیه‌كانی‌ عێراق، هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ر بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان به‌رێگای‌ گفتوگۆو شێوازی‌ مه‌ده‌نی‌. 

 له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ جێگیری‌ یه‌كێتی‌ كرده‌وه‌، كه‌ زه‌مینه‌ی‌ له‌بار ڕه‌خساوه‌ تاوه‌كو له‌ رێگای‌ گفتوگۆیه‌كی‌ جددی‌‌و به‌رپرسیارانه‌وه‌، به‌پێی‌ ده‌ستور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. 

 پێشهات‌و گۆڕانكارییه‌ خێراو كتوپره‌كانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان‌و باكووری‌ سوریا ته‌وه‌رێكی‌ تری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بوو. مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ جه‌ختی كرده‌وه‌، گه‌لی‌ كوردستان له‌ ڕۆژئاوا شان به‌شانی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات به‌هاوكاری‌ هاوپه‌یمانان له‌ جه‌نگی‌ تێكشكاندنی‌ داعشدا و نه‌هێشتنی‌ مه‌ترسی‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئارامی‌‌و ئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌‌و بگره‌ جیهانیش، قوربانیه‌كی‌ زۆریان دا و ئازایه‌تی‌ بێوێنه‌یان تۆماركرد. پێشهات‌و گۆڕانكارییه‌كانی دوو رۆژی‌ ڕابردوو، ماییه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ قووڵن،  بژارده‌ی‌ عه‌سكه‌ری‌ رێگای‌ دروست نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان و دۆخه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی‌ یه‌كه‌م. به‌رده‌وام بوونی‌ ته‌نگژه‌كه‌یش كاره‌ساتی‌ مرۆیی گه‌وره‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌و زه‌مینه‌یه‌ش ده‌سازێنێ بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان له‌سه‌روویانه‌وه‌ داعش. 

 مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ رایگه‌یاند یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان له‌ كه‌ناڵه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ هه‌موو تواناكانی‌ خۆی‌ ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ رێگه‌گرتن له‌ گرژی‌ زیاترو شه‌ڕ، كه‌ گه‌لی‌ كوردستان له‌ ڕۆژئاوا و گه‌لانی‌ تری‌ باكوری‌ سوریا دووچاری‌ خوێنڕشتن‌و كاره‌ساتی‌ مرۆیی‌ زیاتر ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ك داوایش له‌ كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كات رێگا له‌ هه‌ڵكشانی‌ گرژییه‌كان بگرێت‌و به‌رپرسیارێتی‌ هه‌موولایه‌كه‌، كه‌ هاوكاری‌ گه‌لی‌ كوردستان له‌ رۆژئاوا بكات. 

له‌به‌ر رۆشنایی‌ گۆڕانكاریی‌و مه‌ترسییه‌كان، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ جه‌ختی‌ له‌ سیاسه‌تی‌ له‌مێژینه‌‌و چه‌سپاوی‌ یه‌كێتی‌ بۆ یه‌كریزی‌ گه‌لی‌ كوردستان ‌و پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هێزه‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كان له‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ك  هه‌ستیاری‌ دۆخه‌كه‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ ته‌بایی‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ و یه‌كهه‌ڵویسَتی‌ هه‌موولایه‌ك ده‌خوازێ.   

 مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان وه‌ك هێزێكی‌ به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به‌ ڕاپه‌راندنی‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانیی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و دیموكراسیه‌كان‌و به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به‌ چاره‌نوسی گه‌لی‌ كوردستان، به‌ووردی‌‌و ووریاییه‌وه‌ چاودێری‌ دۆخه‌كه‌‌و گۆڕانكاری‌ ‌و پێشهاته‌ نوێیه‌كان ده‌كات، بێدرێغ هه‌وڵه‌كان درێژه‌ پێده‌دات، بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان‌و ئاشتی‌‌و ئارامی‌‌و تێپه‌راندنی‌ مه‌ترسیه‌كان. 

راگه‌یاندنی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌
یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان
8/10/2019