د. به‌رهه‌م ساڵح: پێویستە چاکسازی وەزاری بکرێت بۆ باشترکردنی ئەدای حکومەت

35 جار خوێندراوەتەوە کات09:38 بەروار08-10-2019
د. به‌رهه‌م ساڵح: پێویستە چاکسازی وەزاری بکرێت بۆ باشترکردنی ئەدای حکومەت

راچڵه‌كین

د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویستە چاکسازی وەزاری بکرێت بۆ باشترکردنی ئەدای حکومەت بەجۆرێک کە ئاستی بەڕێوەبردنی کارەکانی ببێتە مایەی فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار.

ئه‌م وتانه‌ی سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق لەمیانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک کەسایەتی دیاری مەدینە سەدر هات و داوایكرد دانبەخۆدا بگیرێ و چاکسازییە پێویستەکان جێبەجێبکرێن.

به‌گوێره‌ی‌ نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم ساڵح دووپاتی کردەوە عیراقییەکان شێلگیرانە هەنگاو دەنێن بۆ پێشەوە بەرەو بەجێگەیاندنی پرۆژەی بنیادنانی دەوڵەت و ئەرکی ئێمەشە چاکسازی پێویست بکەین بۆ ئەوەی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بەدیبێت بۆیان.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لەمیانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک کەسایەتی دیاری مەدینە سەدر ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠١٩/١٠/٨ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە خۆپیشاندان مافێکی رەوایە بۆ هەموو هاوڵاتییەک بەو مەرجەی هێمنانە بێت و بەبێ ئەوەی خوێنی هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکانی تیادا بڕژێت، یاخود سەرپێچی نەبێت بۆ سەر دامەزراوە گشتییەکانی دەوڵەت، رونیشی کردەوە سەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی دەکات لە قەرەبوونکردنەوەی زیان لێکەوتووان و کارکردن بۆ لێپێچینەوە لە تاوانباران و ئەوانەی لە دەرەوەی یاسا کە دەستڕێژی گولەیان کردووە.

سەرۆک کۆمار روونیشی کردەوە پێویستە چاکسازی وەزاری بکرێت بۆ باشترکردنی ئەدای حکومەت بەجۆرێک کە ئاستی بەڕێوەبردنی کارەکانی ببێتە مایەی فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ئەوانەی بێ کارن و دەستەبەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.