میدیای فه‌رمی گۆڕان: مه‌سرور بارزانی داهاتی عه‌ین زاله‌ی لایه‌ و نه‌یهێشتووه‌ موچه‌ دوابكه‌وێت

758 جار خوێندراوەتەوە کات11:01 بەروار08-10-2019
میدیای فه‌رمی گۆڕان: مه‌سرور بارزانی داهاتی عه‌ین زاله‌ی لایه‌ و نه‌یهێشتووه‌ موچه‌ دوابكه‌وێت

راچڵه‌كین

میدیای‌ فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشكرایده‌كات، دوو مانگه‌ ئاشتی هه‌ورامی‌، یاریده‌ده‌ری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ كاروباری وزه‌ نیوه‌ی‌ پاره‌ی نه‌وتی راده‌ست وه‌زاره‌تی دارایی نه‌كردووه‌، به‌ڵام مه‌سرور بارزانی بەهۆی ئەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی کێڵگەی عەین زالە لەلایه‌ نەیهێشتوە ئەو دوو مانگە دابەشکردنی موچە دوا بكەوێت.

ماڵپه‌ری KNN، زمانحاڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌واڵێكدا ده‌ڵێت "بەپێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌ دیجیتاڵ میدیای KNN گه‌یشتون له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌، دوو مانگە ئەنجوومەنی وەزیران پارەی تەواوكاریی مووچە لەحسابێكی تایبەته‌وه‌ دەهێنێت، بەهۆی ئەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی کێڵگەی عەین زالە لەلای سەرۆکی وەزیرانە لەو رێگایەوە نەیهێشتوە ئەو دوو مانگە دابەشکردنی موچە دوا بكەوێت".

ده‌شڵێت "بەپێی بەدواداچونێك راگرتنی قەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان و بانكەكان و بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان بۆ راگرتنی خەرجییەکانی پەرلەمان ‌و سەفەر و ئیفادی پەرلەمانتاران بۆ دەرەوەی وڵات، بەهۆی نەبونی بودجەوەیە، کە بەهۆی نەگەڕانەوەی داهاتی نەوتەوە دروست بووە".

ئاشتی هەورامی، ماوەی ١٣ ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بوو، لە کابینەی نوێ و لە 15/7/2019 وەک یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە دەستبەکاربووە و ژمارەیەک دەسەڵاتی کەرتی نەوت و غازی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پێدراوە.