مەلا بەختیار: دۆناڵد ترامپ لەگەڵ بۆچونەكانی خۆیدا راستگۆیە

3443 جار خوێندراوەتەوە کات11:30 بەروار09-10-2019
مەلا بەختیار:  دۆناڵد ترامپ  لەگەڵ بۆچونەكانی خۆیدا راستگۆیە
راچڵەكین ـ

مەلا بەختیار لە وەڵامی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا، دەڵێت:"ساڵەهایە وتومە، ئێمە جەنگاوەری بەكرێ‌ گیراو نەبوین و نین، هەتا لە جەنگدا هاوكاریمان بكەن و دوای جەنگ پاداشتی مادیمان پێ‌ بدەن و پەردەی شانۆكەمان لەسەر دابخەن."

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە ووتارێكدا نوسیوویەتی:" سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترامپ) وەكو رابەرێكی پۆپۆلیستی، لەگەڵ بۆچونەكانی خۆیدا، راستگۆیە. فرت و فێڵی نییە. وەكو سەرمایەدارێكی پراگماتی (سودگەرایی) ئەمریكی، لە لوتكەی دەسەڵاتدا، بڕیار دەدات و پێش هەموو بەهایەكی سیاسیش، بەهای دراو، دەكاتە پێوەری بڕیاردان، ترامپ، تاكە سەرۆكە، بەردەوام كۆمێنتی تایبەتی هەیە. رۆژانە، لە چەندین ئاراستەوە، خەریكی ململانێی سیاسی و دەسەڵاتدارێتییە؛ چۆنی ویستبێ‌ بەرامبەر، برادەر یان نەیار، بڕیاری داوە. دژی هەموو وڵاتێك گەورەو بچوك، بەپێی بەرژەوەندی ئەمریكا، هەڵوێستی وەرگرتووە. نەگوێ‌ دەداتە كاریگەری سعودیە كە قەبری پێغەمبەری تیایەو لای موسڵمانان پیرۆزە، نەبایەخ دەداتە چینی میللی، كە كۆنفشیوس و ماوتسیتۆنگ دەپەرستن (هەروا بوداش) لەلایەكەوە جەنگی بازرگانی دژی چینی یەك ملیارو نیو نفوس دەكات. لەم لاوەشەوە، بەرگری لە (قەتەر)ی چەند سەد هەزارێك دەكات، دژایەتی چین، بۆ باج و دۆستایەتی قەتەریش ، بۆ قازانجە!!."

ئاماژەی بەوەشكردووە:"ئەوەتەی ترامپ سەرۆكە، دژایەتی كوردستانمان بە ئاشكرا لـێ‌ نەدیووە، بەڵام تائێستاش سیاسەتەكەی دەستەبەری مافی دیموكراسی نییە بۆ نەتەوەكەمان، لە پشتیوانیكردنی شەڕڤانان، چەك و پارەی باشی داونەتێ‌، بەڵام كێشە سیاسیەكانی فەرامۆش كردوون. وەكو جەنگاوەری قارەمان دژی داعش، پشتیوانیانە، نەك وەكو ئازادیخواز. كاتێك باسی مافی سیاسی كورد ناكات، ئامانجەكەی دیارە، كە رازی كردنی حكومەتەكانە.. ئەوەتا دەركەوت دژی توركیا، لەبەر بەرژەوەندیەكانی بڕیار نادات، بەڵكو رازیشیان دەكا."

دەشڵێت:" تائێستا، یەك جاریش، ترامپ، باسی مافی دیموكراسی و خەباتی رەوای نەتەوەی كوردی، لەهیچ پارچەیەكی كوردستان نەكردووە، بەڵام هەمیشە وەكو جەنگاوەری ئازا، باسی كردوون."

ئەوەشی خستووەتەڕوو:"بەندە، ساڵەهایە وتومە، ئێمە جەنگاوەری بەكرێ‌ گیراو نەبوین و نین، هەتا لە جەنگدا هاوكاریمان بكەن و دوای جەنگ پاداشتی مادیمان پێ‌ بدەن و پەردەی شانۆكەمان لەسەر دابخەن، هەمیشە وتومە، ئێمە ئازادیخواز بوین، پێش داعش و پێش تیرۆریستانی تریش، ئەوەتا دەركەوت بەجەنگاوەری ئازامان تێ‌ گەیشتون!!."