شەش گامێشەوان لە كەركوك سەربڕدران

368 جار خوێندراوەتەوە کات12:06 بەروار09-10-2019
شەش گامێشەوان لە كەركوك سەربڕدران
راچڵەكین ـ

لە دوو ناوچەی جیاواز لە كەركوك تەرمی شەش گامێشەوان بەسەربڕدراوی دۆزرانەوە.

عەمید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك رایگەیاندووە:" شەوی 7 لەسەر 8ی تشرینی یەكەم لە گوندی كۆمبتلەر، پێنج شوانكاری گامێش سەربڕدراون، دوای هێرشی ژمارەیەك چەكدار بۆ ئەو سنوورە." وەك ماڵپەری كەركوك ناو بڵاویكردووەتەوە.

گوندی كۆمبتلەر، كە شوێنی روداوەكەیەوە، دانیشتوانی توركمانن و دەكەوێتە ناحیەی یایچی -12كم لە خۆرئاوای پارێزگای كەركوك-.

فەلاح خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی یایچی رایگەیاندووە: "ئەو پێنج گەنجە لە عەشیرەتی كەعبی بوون، پیشەیان بەخێوكردنی گامێشە و لە پشتی كارگەی ئەزبێزی گوندەكە سەربڕدراون، داتر چەكدارەكان بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتون."

كەسوكاری گامێشەوانەكان لە شاری كەركوك نیشتەجێن، بۆیە تەرمەكانیان رەوانە كراوەتەوە و لەوێ بەخاكسپێردراون.

بەوتەی خەلیل لە ئێستادا لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكان لەسەر رووداوەكە بەردەوامی هەیە.

شەوی شەممە 5ی تشرینی یەكەم، هەر لە سنوری ناحیەی یایچی، گامێشەوانێكی تر لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە كوژراوە و سەربڕدراوە، بەوتەی هێزە ئەمنییەكان، سەری كوژراوەكە نەدۆزراوەتەوە و تەنیا جەستەی هەڵگیراوەتەوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی یایچی وتیشی، ئەو گەنجانەی بونەتە قوربانی بۆ بەخێوكردنی گامێش هەر جارەو دەچنە ناوچەیەك كە ئاو و قامیشی لێبێت.