عیماد ئەحمەد: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ گۆڕان پتەوتر دەكەین

49 جار خوێندراوەتەوە کات12:19 بەروار09-10-2019
عیماد ئەحمەد: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ گۆڕان پتەوتر دەكەین

راچڵەكین-

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت،پەیوەندییەكانیان لەگەڵ گۆڕان پەرە پێدەدەن و پتەوتری دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9-10-2019 شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوون لە(عیماد ئەحمەد، لەتیف شێخ عومەر، عەدنانی حەمەی مینا،  شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی.) سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لەشاری سلێمانی و لەلایەن شاندی بزوتنەوەكە كە پێكهاتبوون لە ( عومەری سەید عەلی، جەلال جەوهەر، عەدنان عوسمان، دەرباز محەمەد، برزۆ مەجید و شەماڵ عەبدولوەفا) پێشوازیان لێكرا.

دوای كۆبوونەوەی شاندی یەكێتی و گۆڕان، عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لەكۆبوونەوەكەمان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆمان لەبارەی چەند پرسێكی سیاسی كرد و پیرۆزبایمان لە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و دەستەی نوێی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكەش كرد.

رۆژی 14-9-2019 لە ناو جڤاتی نیشتمانیدا، هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدرا و تێیدا عومەر سەید عەلی بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو بووەوە بەرێكخەری گشتی بزوتنەوەكە.