عێراق چاك دەبێتەوە؟

14 جار خوێندراوەتەوە کات03:17 بەروار09-10-2019
عێراق چاك دەبێتەوە؟

لە 26ی مانگی رابردوو لە هۆتێل بابیلۆن بووین لە شاری بەغدا، لەوێ (ملتقی الرافیدین) هەبوو كە تایبەت بوو بە باسی ئایندەی عێراق و ناونیشانی مولتەقاكەش (العراق یتعافی) بوو، واتە عێراق چاك دەبێتەوە. عەقڵی ئەكادیمی عێراقی و نێودەوڵەتی لەو مولتەقایەدا كۆكرابوونەوە. خەریك بوو بڕوا بەو ناونیشانە بكەم. 
 
حەشدی شەعبی بۆ چییە؟
 
جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا كە لەگەڵ محەممەد غەبان، وەزیری ناوخۆی پێشووی عێراق و بەرپرسی ئێستای ئیدارەی هەموو هێزی حەشدی شەعبی و ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی پەرلەمان و گوتەبێژی حەشدی شەعبی لەسەر یەك ستەیج دانیشتبوون، بەپێكەنینەوە و بە مەبەست گوتی: "هەرچەندە ئێوە (شیعەكان -ئێرانییەكان) ئێمە بە شەیتانی مەزن دەزانن، من لێرەوە رای حكومەتی بەریتانیاتان پێدەڵێم لەسەر حەشدی شەعبی: ئێمە رێزی حەشدی شەعبی دەگرین، بەڵام ئەگەر ئێستا عێراق دەست بكات بە چاكسازی لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە، رەنگە بە 15 ساڵی دیكەش لێی دەرنەچن.
 
پێش قسەی باڵیۆزی بەریتانیا، بەرپرسی ئیدارەی هەموو حەشدی شەعبی گوتی: "بۆ زانیاریتان هێزی حەشدی شەعبی لە 150 هەزار كەس پێكدێت". دوای ئەویش ئەحمەد ئەسەدی گوتی: "هێزی حەشدی شەعبی بەستراوەتەوە بە ئەمنی قەومیی عێراقەوە، دەستبردن بۆ ئەم مەلەفە، دەستبردنە بۆ تەواوی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق!"
 
باڵیۆزی بەریتانیا گوتی: "ئێمە كار لەگەڵ ئەمری واقیع دەكەین، حەشدی شەعبی هێزێكی سیاسی، ئابووری و سەربازییە".
 
لێرە دەركەوت كە ئامانجەكانی پشتەوەی هاتنی داعش چی بوون. ئەو ئامانجانە خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە:
 
یەكەم: لە 2014 كاتێ پێنج فیرقەی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی بە شەو و رۆژێك بەرامبەر 300 چەكداری داعش شكستیان هێنا، بۆ ئەوە بوو بڵێن سوپای دەوڵەت (كە 120 هەزار سەربازی هەبوو) ناتوانێ دەوڵەت بپارێزێ. حەشدی شەعبی دروستكرا و كران بە قارەمانی پاراستنی عێراق، ئێستا لە هەر دانیشتنێكدا لە عێراق دەبێ وەك هێزێكی پیرۆز باسی حەشدی شەعبی بكەی. محەممەد غەبان گوتی: "ئێستا هەیكەلی حەشدی شەعبی زۆر نزیكە لە هەیكەلەی وەزارەتی بەرگری!" واتە زۆر ئاسانە سبەینێ ئەوان شوێنی سوپاش بگرنەوە.
 
دووەم: ئیرادەی سوننەكانی عێراقی شكاند، كە چیدی هێزێكی دیكە نەبێ لە عێراقدا بەرامبەر هێزی شیعە بوەستێ و هەر هێزێك دژی بەرژەوەندیی شیعە بوەستێ سەركوتیان دەكەن.
 
سێیەم: ئەوەی لە عێراق دەسەڵات دەگرێتە دەست، دەبێ بە موبارەكەی حەشدی شەعبی بێ، نەك تەنیا سەرۆكی حكومەت، بگرە سەرۆكی كۆمار و پەرلەمانیش.
 
چوارەم: ئێران حەشدی شەعبی وەكو كارتی گوشار لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و دەوروبەری بەكاردەهێنێ.
 
دەرهێنانی بەغدا لەژێر هەیمەنەی حەشدی شەعبی و ئێران، دەتوانین بڵێین مەحاڵە، چونكە نە دەرفەت و هێزی كودەتا هەیە، نە هێزێكی دەرەكی هێندەی ئێران بەهێز لەنێو عێراقدا هەیە. تەنانەت ئەگەر مەترسییەكە بوو بە راستیش، ئەوە بە فەتوایەكی دیكەی مەرجەعیەتی باڵا، ئایەتوڵڵا سیستانی، چۆن بۆ داعش حەشدی شەعبی دروست كرا، بۆ پاراستنی حوكمی شیعەش لە عێراق فەتوا دەدات.
 
لە بودجەی 2019ی عێراقدا 10 ملیار دۆلار تەنیا لە كەرتی ئەمنی و هێزی حەشدی شەعبیدا خەرج كراوە. ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە شاری نەجەف بە منی گوت: "لە 2020 بودجەی ئەمنی و هێزی سەربازی و حەشدی شەعبی زۆر لەوەی 2019 زیاترە!"
 
لە رۆژی سێیەمی مولتەقاكە، من و سەعد بن تفلە ئەلعەجەمی، وەزیری پێشووی راگەیاندنی كوەیت لە تەنیشت یەكدی دانیشتبوون، باس باسی گەندەڵی بوو لە عێراق، منیش پێمگوت: "ترستان نییە جارێكی دیكە عێراق كوەیت داگیر بكاتەوە؟ گوتی بۆ؟ گوتم، ئێ ئەو هەموو ملیار دۆلارانەی عێراق بەشی ئەم هەموو گرووپانە ناكەن، رەنگە بیر لە ئێوە بكەنەوە و بڵێن پارەی زۆریان هەیە و دیسان كوەیت لەلایەن عێراقەوە داگیر بكرێ". وەزیرەكە هەندێك تەماشای منی كرد و گوتی وەڵڵا مەعقولە و هەموو كاتێ ئەو ترسەمان هەیە.
 
لە دەرەوەی هۆتێلەكە چ باس بوو؟
 
شارەزایی باشم هەیە لە ناوچەكانی بەغدا چونكە نزیكەی دوو ساڵ لەو شارە ژیاوم. بەنێو شاردا گەڕاین، ناوچەی كەڕادە، پێشتر یەكێك بوو لە ناوچە جوانەكانی بەغدا، ئێستا جگە لە لافیتەی رەش بۆ حوسەین هیچی دیكە نابینی، تەنانەت یەك مزگەوتی تێدا نەماوە و هەموو بوونەتە حوسەینییە و هەرچی سوننەیە ئەوێیان چۆڵ كردووە. دەچیتە نێو كۆڵانەكانی هەر ناوچەیەكی بەغدا جگە لە زبڵ و خاشاك و پیسی هیچ نابینی.
 
خەڵك لەوێ خۆپیشاندان دەكەن و دەڕژێنە سەر شەقامەكان، لەبەر ئەوەی بێكاری گەیشتووەتە سەرووی 70%، دەرچووانی زانكۆ و بێكارەكان ئەو بۆمبە تەوقیتكراوەن كە بە حكومەتدا دەتەقێن، دەڵێن گەندەڵی رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێ، سیاسییەكانی ئێمە هیچ چارەسەریان پێ نییە و جگە لە دابەشكردنی پشك لە نێوان خۆیان ئاگایان لە میللەت نەماوە.
 
دوای 16 ساڵ لە نەمانی رژێمی سەددام حوسەین، پرۆژەیەكی نوێ لە بەغدا نابینی، هێشتا بەغدای ساڵی 2003 یە. لەنێوان بودجەی 2018 بۆ 2019 تەنیا بۆ مووچە 16% زیاد كراوە، عێراق لە داهاتی فیعلیی خۆی 51%ی دەداتە مووچە كە دەكاتە نزیكەی 37 ملیار دۆلار.
 
%70ی بودجەی عێراق كە بۆ پرۆژە دادەنرێ خەرج نابێت، كەسیش ناڵێ ئەو پارەیە بۆ كوێ دەڕوات؟
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە گوتارەكەیدا بۆ خۆپیشاندەرانی عێراق كە لە نیوەی شەوی 3/10/2019 بڵاوكرایەوە، گوتی مووچە بۆ هەر ماڵێكی هەژاری عێراقی دابین دەكەین. ژمارەی ئەو ماڵە هەژارانەی لە عێراق هەن ملیۆنێك و 250 هەزار خێزانن. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكانیش هەموو ساڵێ نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە عێراق لەدایك دەبن!
 
پارە دەدرێتە مووچە و مووچەش هەمووی دەڕواتە دەرەوە، بیر لە ئاوەدانیی عێراق ناكرێتەوە، نە شەقام و رێگاوبان، نە نەخۆشخانە و خوێندنگا و پرۆژەی ستراتیژی، تەنیا مووچە و مووچە. ئەگەر هەموو خەڵكی عێراق مووچە وەربگرن و پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشكەش نەكرێ، خۆپیشاندان بەردەوام دەبن، عێراق هەمیشە وڵاتێكی ناجێگیر دەبێ و لە ئایندەیەكی نزیكدا (تعافی) نابینێ.