ترەمپ: توركیا لێپرسراوێتی داعشە دەستگیركراوەكانی دەكەوێتە ئەستۆ

53 جار خوێندراوەتەوە کات03:25 بەروار09-10-2019
ترەمپ: توركیا لێپرسراوێتی داعشە دەستگیركراوەكانی دەكەوێتە ئەستۆ

راچڵەكین-

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت، وڵاتەكەی نەدەبوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. دەشڵێت:" توركیا لێپرسراوە بەرامبەر تەواوی ئەو داعشە دەستگیركراوانەی كە ئەوروپا ئامادەنەبوو وەریانبگرێتەوە."

دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ چوارشەممە 9-10-2019 لە نوێترین جریوەیدا نوسیوویەتی:" 100 ساڵە شەڕی نێوان گروپەكان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی هەیە، ئەمریكا نەدەبوو لەوێ بێت، ئێستا 50 سەربازم كشاندووەتەوە."

دەشڵێت:" توركیا لێپرسراوە بەرامبەر تەواوی ئەو داعشە دەستگیركراوانەی كە ئەوروپا ئامادەنەبوو وەریانبگرێتەوە، ئەو شەڕە بێ كۆتاو هیچە، بۆ ئێمە كۆتایی دێت."

ئەو جریوە نوێیەی دۆناڵد ترەمپ، لەكاتێكدا دێت كەلەئێستادا سوپای توركیا بە هاوكاری چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەرۆژئاوای كوردستان، بەتایبەت دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سنووری ئەو ناوچانە.

لەلایەن خۆشییەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) جەختلەوەدەكات كەبەهەموو شێوەیەك ئامادەن رووبەڕووی سوپای توركیاو هاوپەیمانەكانی ببنەوە، ئەگەر هاتوو سنووری دەسەڵاتی ئەوانیان بەزاندو هێرشیان ئەنجامدا.