موسلیم: هیچ شتێكی " پیستر " نەماوە كە توركیا لە "ئەرزی واقیعدا " بەكردار ئەنجامی بدات

104 جار خوێندراوەتەوە کات04:11 بەروار09-10-2019
موسلیم: هیچ شتێكی

راچڵەكین-

هاوسەرۆكی پەیوەندییە گشتیەكانی تەڤدەم دەڵێت، هیچ شتێكی " پیستر " نەماوە كە توركیا لە "ئەرزی واقیعدا " بەكردار ئەنجامی بدات. دەشڵێت:" ئەمریكا هات گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی توركیا هەڵكرد كە ئەمە بەلای كوردەكانی "ڕۆژئاواوە " جێی قبوڵ نییە."

ساڵح موسلیم، لەوتووێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەربارەی بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە باكوری سوریا دەڵێت" خۆی توركیا ئەزمونی پێشتری هەیە لەگەڵ كوردەكان ئەویش ئەوەبوو هێرشی كردە سەر عەفرین ئەوەی توركیا لە عەفرین كردی لە كوشتن و لە سێدارەدان و "چەتەیی " دەركردن و دزیكردن هیچ شتێكی " پیستر " نەماوە كە توركیا لە "ئەرزی واقیعدا " بەكردار ئەنجامی نەدات كەچی سەرەڕای ئەوەش ئەمریكا هات گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی توركیا هەڵكرد كە ئەمە بەلای كوردەكانی "ڕۆژئاواوە " جێی قبوڵ نیە، بابەتەكە لێرەدا ئەوەیە كە ئێمە كەوتوینەتە ڕێ و گەڕانەوەمان نیە بەڵام توركیش ئەوەی دەوێت كە كورد لەماڵ و شوێنی خۆی دەربكات و خەڵكی تر بهێنێتە جێگای، بەڵام كورد ڕاناكات و لەوڵاتی خۆی دەرناچێت و لە بەرخۆدانی خۆی بەردەوامە هەتا ئەو جێگایەی دوژمن بشكێنن، بەڵام پێویستە لەسەر هەموو كوردێك كە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن دیارە من بەوانە ناڵێم لەگەڵ ئەوان هەماهەنگ و هاوسۆزن."

موسلیم، سەبارەت بەوەی بەتەواوی هێزەكانی ئەمریكا لەكوێ كشاونەتەوە؟ وتی:" ئەوەی كەباس دەكرێت هێزەكانی ئەمریكا كشاونەتەوە بەتەواوی لەسەر سنورە لەو خاڵانەی كە وەك خاڵی پاراستن بەكارییان دەهێنان و تەنها پێیان وتین ڕێنمایی هاتووە و دەكشێینەوە بەڵام لە شوێنەكانی تر لەشوێنی خۆیانن وەكو خۆیان ماونەتەوە، وەك لە "حەسەكە، نزیكی كۆبانی، هەروەها لە ڕەققە) لە شوێنی خۆیانن و هیچ گۆڕانكارییەك ڕوینەداوە سەبارەت بەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو شوێنانە كشابێتنەوە بەڵكو لە ئەركی خۆیان بەردەوامن."

ساڵح موسلیم، سەبارەت بەوەی دەتوانن بەرپەرچی هێرشی توركیا بدەنەوە؟ووتی:" " ئێمە بتوانین یاخود نەتوانین ئەوە كاری سەربازییە، ناتوانم قسەی زیاتر لەوبارەوە بكەم ، ئەوەی ئێمە دەزانین هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو حساباتێكی خۆی كردووە، ئامادەكاری خۆی كردووە هەتا بتوانن بەرگری بكەن و گەل بپارێزن، بەڵام ئەوەش ناشاردرێتەوە كە ئێمە كەوتوینەتە شەڕێك لەگەڵ هێزێكی ئەندامی ناتۆ كە خاوەنی چەكی بەهێز و جبەخانەی بەهێزی هەیە، بەڵكو ناتۆ پێی بڵێت كە چەك و تەقەمەنی ناتۆ بەكارمەهێنە یاخود پێی بڵێ تۆ مافی هێرش كردنت نیە، یا نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێگری هێرشكردنی لێ بكات، بەڵام لەسەر و هەمووشیەوە هیچ شتێك ئێمە لەبەرگری كردن ناوەستێنێت."

هاوسەرۆكی پەیوەندییە گشتیەكانی تەڤدەم ،سەبارەت بەوەی ئایا لەدوای ئەو بڕیارەی توركیا داوای هاوكارییان لەهیچ وڵاتێكی تر كردووە؟ رایگەیاند:" پەیوەندی و تێكەڵی ئێمە هەتا ئێستاش هەیە، بۆ نمونە لەگەڵ ڕوسیا و ئینگلتەرا، هەروەها لەگەڵ فەرەنسا-ش پەیوەندیمان هەیە كە دانیشتین بكەین بۆ چارەسەری بەڵام ئێمە داوا لەكەس ناكەین كە هاوكاریمان بكەن و چەكی خۆیان بەكاربهێنن بۆ پاراستنی خۆیان، ئێمە خۆمانین و باوەڕمان بەخۆمان هەیە داوای هاوكاریمان لە ئەمریكا نەكردووە و نایكەین چونكە ئەمریكا ئێمەی دروستنەكردووە بەڵكو خۆمان خۆمانمان دروست كردووە لەسەر پشتی ئەمریكا دروست نەبوین،وەهەموو كەس دەزانێت ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ كێ هەیه وە ئازادیشین لەو پەیوەندییانە، ئێمە نازانین و دیار نیە كە ڕەنگە لەماوەكانی داهاتوو دانوستانەكانمان لەگەڵ ڕژێمی سوریا-دا دەست پێبكاتەوە بۆ دەستەبەركردن و ناساندنی مافی دیموكراسی ئێمە لەدەستوری نوێی سوریا بۆ ئەمەش كەسێك بیەوێت ڕێگری بكات و دەستمان ببەستێت شتی لەوجۆرە نیە."

ساڵح موسلیم سەبارەت بە جریوەكەی ترامپ كە وتبووی كوردەكان لەبەرامبەر چەك و پارە شەڕییان كردووە وتی:" راستە ئەمڕۆ دوژمنێكی ھاوبەش ھەبێت بێگومان پێویستە ھاوكاریش ھەبێت و چەكیش بدەن بەڵام "بەڕێز ترامپ" باسی یازدە ھەزار "شەھیدی ئێمەی" نەكردووە "بەڕێز ترامپ" دەیتوانی بڵێت چەند سەربازی ئەمریكی لێرە "شەھیدبون"؟ ئەوەی شەڕی ئەكرد ئێمە بوین ئەوەی لەپێشەوە بوو ئێمە بوین ئەوەی چالاكی ئەنجامدەدا ئێمە بوین لەو پێناوەشدا یانزە ھەزار "شەھید-مان" داوە بەڵام سوپای ئەمریكا سەلامەتبوون ھیچ زیانێكیان بەر نەكەوت بۆیە دەبێت قوڵتر سەیری بابەتەكە بكەین ئەو شەڕەی لەسوریا ھەبوو شەڕێكی زۆر گەورە بوو ئەمە لەلایەك لەلایەكیتر بڕوانێت لەشەڕی عێراق چەند سەربازی ئەمریكی تیاچوون؟ لەشەڕی ئەفغانستان چەند تیاچوون؟ لەو شەڕانە-شی لەگەڵ ئێمە كردی چەند سەربازی تیاچون؟ با ئەو بەراوردانە ببینێت ئنجا باسی چەك و پارە بكەن."