نیشانه‌كانی توشبوون به‌ ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی پایز و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

10 جار خوێندراوەتەوە کات08:19 بەروار09-10-2019
نیشانه‌كانی توشبوون به‌ ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی پایز و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

ڕاچڵه‌كین-

لە دوای تەواوبوونی وەرزی هاوین و دەستپێکردنی وەرزی پایز، بە هۆی گۆڕانکاری وەرزی و دابەزینی پلەکانی گەرما زۆر کەس تووشی ئەنفلۆنزا یان هەڵامەت دەبێت، کە ئەمەش پێویست بە ترس و دڵە ڕاوکێ ناکات. زۆربەی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەنفلۆنزا دەبن لە ماوەی ٥ ڕۆژ بۆ ٢ هەفتەدا چارەسەردەبن.

لە کاتی تووشبوونی ئەنفلۆنزا و هەڵامەت پێویست بە وەرگرتنی ئەنتیبایۆتیک ناکات، چونکە چارەسەری نیشانەکانی ناکات و یارمەتی زوو چاکبوونەوەی نادات، دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەنفلۆنزا خێرایە و زۆرکات سەرئێشە و تا و هیلاکی و ئازاری لەش و بێتاقاتی و ئازاری سنگ و کۆکەی بەهێزی لەگەڵدایە بەپێچەوانەی هەڵامەت کە دەرکەوتنی نیشانەکانی هێواشترە و پژمین و ئاوی لوت و قورگ ئێشەی لەگەڵدایە.

تووشبووانی نەخۆشی ئەنفلۆنزا زۆربەی یان هەموو نیشانەکانی تێدا دەردەکەوێت وەک:
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ °38 پلە یان زیاتر
- ئازاری لەش وماسولکەکان
- هەستکردن بە بێتاقەتی و بێزاری
- کۆکەی وشک
- ئازاری قورگ
- ئاوی لوت
- سەرئێشە
- خەو گرانی
- نەمانی ئارەزووی خواردن
- ڕشانەوە یا ئازاری گەددە و ناوسک

ئەو ڕێگایەنەی یارمەتی چارسەری نەخۆشییەکە دەدات:

- پشوودان و نووستن
- خۆپاراستن لە سەرما
- خواردنی خۆراکی گەرم و مانەوە لە شوێنی گەرم
- خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو بۆ ڕێگریکردن لە وشک بوونەوەی لەش، کە ئەمەش یارمەتی چارەسەربوونی خێرا دەدات
- وەرگرتنی پاراسیتامۆڵ یا ئایبیوپرۆفین بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمای لەش و چارەسەر کردنی ئازاری لەش و ماسولکە

لە باوترین کێشە تەندروستییەکانی بەهۆی وەرزی پایز و زستانەوە دروست دەبێت:
١- سەرما و کۆکە
٢- تەنگەنەفەسی
٣- ئەنفلۆنزا
٤- کۆکە و قورگ ئێشە
٥- ئازار و سووربوونەوەی چاو
٦- سکچوون و ڕشانەوە
٧- دڵەڕاوکێ و بێ تاقەتی