ترەمپ: كورد لەجەنگی دووەمی جیهانی و نۆرماندی هاوكاری ئەمریكای نەكردووە

90 جار خوێندراوەتەوە کات10:18 بەروار10-10-2019
ترەمپ: كورد لەجەنگی دووەمی جیهانی و نۆرماندی هاوكاری ئەمریكای نەكردووە

راچڵەكین-

سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت، كورد لە جەنگی دووەمی جیهانی و هەروەها شەڕی نۆرماندی هاوكاری ئەمریكایان نەكردووە، بەڵام هێشتا كوردیان بە دڵە. 

دۆناڵد ترەمپ، دوای دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا و میلیشیا هاوكارەكانی لەئۆپۆزسیۆنی سوریا، بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" كورد لە پێناو خاكەكەیاندا شەڕدەكەن."

ترەمپ گلەیی لە كورد دەكات و دەڵێت:" ئەوان لە جەنگی دووەمی جیهاندا هاوكاری ئێمەیان نەكردووە، ئەوان لە نۆرماندی هاوكاری ئێمەیان نەكردووە، بەڵام ئێمە لە رووی پێدانی چەك و پارەوە هاوكاریمان كردوون و سەرباری هەموو ئەمانەش ئێمە هێشتا كوردمان بە دڵە."
 
ئەو لێدوانەی ترەمپ لەكاتێكدا دێت، كە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سنوورەكانی نێوان توركیاو رۆژئاوای كوردستان، سوپای تورك بەووتەی خودی ترەمپ، دەستیكرد بە " داگیركردنی سوریا" و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لە رۆژئاوا.

لە راگەیەندراوێكیشدا، كۆشكی سپی بڵاویكردووەتەوە:" دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ئەوان بە روونی بە توركیایان وتووە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە كارێكی هەڵەیە. "توركیا كە ئەندامی ناتۆیە سووریای داگیركرد، توركیا پەیمانی داوە پارێزگاری لە خەڵكی سڤیل و كەمایەتییە ئاینییەكان لەنێویاندا كریستیانەكان بكات و بەوەش هیچ قەیرانێكی مرۆیی روونادات."