كۆبوونەوەی لوتكەی كوردان

152 جار خوێندراوەتەوە کات12:44 بەروار10-10-2019
كۆبوونەوەی لوتكەی كوردان

بەهێز حوسێن

كۆسرەت رەسوڵ عەلی كەسی یەكەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەو پەیامەی بۆ ئیدانەكردنی هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەریكردبوو، دەستپێشخەریی ئەوەی كردووە كە كۆبوونەوەی لوتكەی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەنجامبدرێت.
چەندان ساڵە دەستپێشخەرییەكی گرنگی لە نموونەی ئەم دەستپێشخەرییەی كاك كۆسرەت پێویست بوو، بەڵام بەتایبەتتر كە ئێستا دۆخی ناوچەكە بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی (هەر چوار پارچە) كە بە دۆخێكی زۆر هەستیار و ئایندە نادیاردا دەڕوات زەرورەتێكی حەتمییە، بۆ بەتەنگەوەهاتنی ئەم دەستپێشخەرییە پێویستە تەواوی سەركردایەتی كورد بێ‌ گوێدانە ئەوەی لوتكەكە لەكوێ‌ دەكرێت یان كێ‌ سەرۆكایەتی دەكات ئامادەیی دەرببڕن و هیچ گرفتێكی تەنكنیكی نەكەنە پاساو بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەكە.

سەیرە وا 24 سەعات بەسەر ئەو دەستپێشخەرییەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هیچ كاردانەوەیەكی ئەرێنی لای هیچ حیزبێكەوە دیار نییە، نازانرێـت لوتكەكە بە گرنگ نازانرێت یان كاتەكەی بە گونجاو نازانن، یان هۆكارێكی تر!؟.
لە كاتێكدا كورد لەسەر ئاستی نەتەوە چوارچێوەیەكی ریكخراو و یان مەرجەعێكی نییە، نموونەی دامەزراوەكانی تری وەك كۆنگرەی نەتەوەیی كورد تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە چەتری كۆكەرەوەی كوردان بێت و كۆكردنەوەی سەركردەی حیزبەكانیش لە ئێستادا بەو ناكرێت، بۆیە پێویستە ئەوانیش تەوازوع بنوێنن و ببنە بەشێك یان هۆكارێك بۆ سەرخستی ئەوو كۆبوونەوەی لوتكەیە لە نزیكترین كاتدا.

بۆ ئەم پێشهاتە گەورەیەی لە رۆژئاوای كوردستان هاتۆتە ئاراوە ئەنجومەنی ئاسایش و یەكێتی ئەوروپا و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كۆدەبنەوە كەچی هێشتا كورد ئەم دەستپێشخەرییەی كاك كۆسرەتی لێدەربچێت كەس باس لە زەرورەتی كۆبوونەوەیەكی لەناكاوی نەتەوەیی ناكات و هەركەس بۆخۆی بەیاننامە دەردەكات، بە مەرجێ: ئەم پرسە راستەوخۆ پرسی كورد خۆیەتی و دەبوو پێش هەر لایەن و گروپ و دەستەگەرییەكی تر كورد خۆی كۆبوونەوەیەكی لەوجۆرەی بكردایە.

هیوادارم بەزووترین كات كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردایەتی كورد بكرێت و یەكهەڵوێستی و یەكگوتاریی بەرامبەر بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بهێننە ئاراوە و سوپاس بۆ كاك كۆسرەتیش كە لەم كاتە زۆر هەستیارەدا بەرپرسیارانە ئەم دەستپێشخەرییە خەمخۆرانەیەی راگەیاند.