ئێران داوا لەتوركیا دەكات دەستبەجێ لەشكركێشییەكەی لە سوریا بوەستێنێت

64 جار خوێندراوەتەوە کات02:54 بەروار10-10-2019
ئێران داوا لەتوركیا دەكات دەستبەجێ لەشكركێشییەكەی لە سوریا بوەستێنێت

راچڵەكین-

ئێران لەڕێی وەزارەتی دەرەوەی داوا لە توركیا دەكات لەشكركێشییەكەی لەباكوری خۆرهەڵاتی سوریا " رۆژئاوا" بوەستێنێت و لەخاكی ئەو وڵاتە بچێتەدەرەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-10-2019 لەبەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی خستووەتەڕوو لەبەرامبەر لەشكركێشییەكەی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی سوریا و لەهەمان كاتدا ئاماژەی بەوەكردووە:" بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی مرۆیی و ئەو مەترسیانەی رووبەڕووی هاوڵاتیانی سڤیل دەبێتەوە لەو ناوچانەی كردەی سەربازیان تێدا ئەنجامدەدرێـت، جەختدەكەین لەسەر راگرتنی دەستبەجێی ئەو هێرشانەو چوونەدەرەوەی سوپای توركیا لەخاكی سوریا."

ئەوەش روونكراوەتەوە:" هەست بەنیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا دەكەین، بەڵام وەك ئەوەی لەپێشتر رامانگەیاندووە، كردەی سەربازی هیچ لەو نیگەرانیانە كەمناكەنەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە زیانی گیانی و ماددیان لێدەكەوێتەوە، لەبەرئەوە ئێران دژایەتی خۆی بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازیە لە سوریادا رادەگەیەنێت."