كۆمەڵی ئیسلامی: بەكارهێنانی هێز بەدرێژایی مێژوو چارەسەری كێشەی كوردی نەكردووە

26 جار خوێندراوەتەوە کات03:41 بەروار10-10-2019
كۆمەڵی ئیسلامی: بەكارهێنانی هێز بەدرێژایی مێژوو چارەسەری كێشەی كوردی نەكردووە

راچڵەكین-

ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، بەكارهێنانی هێز بەدرێژایی مێژوو چارەسەری كێشەی كورد و وڵاتانی دیكەی نەكردووە.

 ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-10-2019 لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و لەشكركێشی توركیا بۆسەر ئەو بەشەی كوردستان، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە تیایدا داوای وەستاندنی بەپەلەی شەڕ و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەكات.
  
‎وەك لەبەیاننامەكەدا هاتووە، ئەنجوومەنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان  بەچەند خاڵێك جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەكاتەوە:

‎یەكەم/ هەموو  سنوربەزاندنێكی وڵاتێك بۆ نێو ولاتێكی دیكە ئیدانە دەكەین و بە پێچەوانەی یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكانی دەزانین، گەرچی لەم ساڵانەی دواییدا سوریا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێز و وڵاتە هەرێمی و نێدەوڵەتییەكان.

‎دووەم/ گەلی كورد مافی خۆیەتی لە ناوچە و خاكی خۆیدا سەربەست و ئازاد بێت و خاوەنی ئیدارە و ئیرادەی خۆی بێت، بەڵام دەبێت پەندیش لە ڕابردوو وەربگرێت و زیاتر پشت بە خودا ببەستێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پلان و ئەجێندای ‌وڵاتانی زلهێز جێبەجێ نەكات و دواتریش پشتی لێ بكرێت، دەبێت بڕیار بەدەستانی ڕۆژئاوای كوردستانیش وریابن و بیانوو بەدەست هیچ هێز و وڵاتێكەوە نەدەن تا هێرشیان بكرێتە سەر و وەك مەترسی سەیربكرێن.

‎سێیەم/ ئێمە پێمان وایە بەكارهێنانی هێز بەدرێژایی مێژوو چارەسەری كێشەی كورد و وڵاتانی دیكەی نەكردووە و تاكە ڕێگای راست بۆ هەردوولا لە گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە دەبینینەوە، لەم سۆنگەیەوە داوای وەستاندنی بەپەلەی شەڕ و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەكەین.