ئۆلاند: بەتەنها قەرزداری كورد نین.. بەڵكو ئەركە لەسەرشانمان بیانپارێزین

216 جار خوێندراوەتەوە کات03:48 بەروار10-10-2019
ئۆلاند: بەتەنها قەرزداری كورد نین.. بەڵكو ئەركە لەسەرشانمان بیانپارێزین

راچڵەكین-

 سەرۆكی پێشووی فەرەنسا، لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و لەشكركێشی توركیا دەڵێ "نەك تەنیا قەرزاری كوردین، ئەركی سەرشانیشمانە بیانپارێزین"

فرانسوا ئۆلاند، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی لو پاریزیانی فەرەنسی دەڵێ :"لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كارم لەگەڵ كوردانی سووریادا كردووە، ئەوان تاكە سەرچاوەمان بوون كە لە شەڕی دژی داعش پشتمان پێبەستن... لەرێگەی ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ كورد هەمانبوو لەسەر زەوی، توانیمان داعش لە باكووری سووریا لەنێوبەرین... كورد هاوپەیمانمان بوون".

فرانسوا ئۆلاند دەڵێ "ئێمە نەك تەنیا قەرزاری كوردین، بەڵكو ئەركێكیشمان لەسەرشانە لەبەرامبەریان".

ئۆلاند، ئاماژە بەوە دەكات: "من، دەزانم، كورد ژمارەیەكی زۆر جیهادییان لەنێو كەمپەكانیاندا دەستبەسەركردوون كە بەشێكیان فەرەنسین و ترسی ئەوە هەیە بتوانن خۆیان رزگاربكەن، ئەوكاتەش نەك تەنیا دەبنەوە هەڕەشە لەو ناوچەیە، بەڵكو دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئەوروپاش، بۆیە لەپێناو پاراستنی خۆمان و بەرژەوەندیمان، پێویستە كورد بەردەوام بن لە باكووری سووریا و خاكیان بەدەستەوە بێت".

فرانسوا ئۆلاند سێ رێگا بۆ چارەسەركردنی رەوشەكە لە بەرژەوەندیی كورد دەخاتەڕوو "یەكەم: دامەزراندنی ناوچەی ئارام و گەڕاندنەوەی سەربازە ئەمریكییەكان. دووەم: ئەنجوومەنی ئاسایش كە لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی توركیا و ئۆپەراسیۆنەكەی كۆدەبێتەوە، دەبێت ئەگەر هێرشەكەی توركیا بەردەوام بوو، یەكێتیی ئەوروپا راستەوخۆ ئابڵۆقە بخاتە سەر توركیا. سێیەم: كورد هاوپەیمانی ئێمەن، ئەوان شەڕی دژی داعشیان كرد، لەهەمان كاتدا توركیا ئەندامی ناتۆیە، چۆن وڵاتێك كە لەگەڵ ئێمە لە هاوپەیمانییەكدایە، دەتوانێت هێرشبكاتە سەر هاوبەشێكی سەرەكیمان، بۆیە لێرەدا دەبێت پرسیار لەبارەی پەیوەندیی توركیا و ناتۆ بكرێت، دەبێت ئەندامیێتیی توركیا لە ناتۆ هەڵبپەسێردرێت." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.