فوئاد حسێن: بەغدا ئامادەیە لەگەڵ هەرێم رێكبەكەوێت

107 جار خوێندراوەتەوە کات12:59 بەروار14-10-2019
فوئاد حسێن: بەغدا ئامادەیە لەگەڵ هەرێم رێكبەكەوێت
راچڵەكین-

وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند، بەغدا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
 
فوئاد حسێن، ئەمڕۆ دووشەممە14-10-2019 لە كۆنفرانسی بازرگانی نێوان هەرێم و ئەمریكاكە لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو رایگەیاند:"حكومەتی عیراق ئامادەیە بگاتە رێككەوتن لەگەڵ هەولێر، پێویستیشە لەهەرێم گروپێك دروستكبرێت و بەردەوام بێت لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا."

وتیشی :"نابێت دانوستانەكان بەسەردانێك و دوو سەردان تەواوبن، پێویستە لیژنەی هەمیشەیی هەبێت بۆ بەردەوامی دانوستان لەگەڵ بەغدا، لەسەر پرسە جیاوازەكان."

لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عیراق وەزیری دارایی وتی:" خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە زۆر جیاواز بوون، چونكە زۆربەی بەشداربووان گەنج بوون و داوای ڕیفۆرم و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیان دەكرد، لەخۆپیشاندانەكەدا 105 كەس كوژران و 6200 ی دیكەش برینداربوون، سەیرە لەخۆپیشاندانێكی لەو شێوەیەدا كە ژمارەیەكی كەم بوون، ژمارەیەكی زۆر خەڵك بكوژرێن و برینداربن."

ئاماژەی بەوەشكرد:" خۆپیشاندانەكان لەكاتێكدا بوون، تەنها یەك ساڵ بەسەر تەمەنی حكومەتی نوێدا تێپەڕیوە، شەش مانگی یەكەم نیوەی حكومەت دروست نەببوو، كێشەی یەكجار گەورە لەعێراق هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەت بەرنامەیەكی روونی ئابوری داناوە.