سەركردەیەكی‌ یەكێتی‌ كۆنفرانسی‌ كوردستان و ئەمریكای‌ بایكۆت كرد

207 جار خوێندراوەتەوە کات03:08 بەروار14-10-2019
سەركردەیەكی‌ یەكێتی‌ كۆنفرانسی‌ كوردستان و ئەمریكای‌ بایكۆت كرد

راچڵەكین-

ئەندامێكی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كۆنفرانسی‌ "كوردستان و ئەمەریكا"ی‌ بایكۆت كرد، ئەمەش وەك وەرگرتنی هەڵوێست لەسەر پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان.

پەروین بابەكر حەمە ئاغا، لەنامەیەكدا كە بە زمانەكانی كوردی‌ و ئینگلیزی‌ نوسیویەتی تیایدا‌ رایگەیاندووە: كە "كۆنفرانسی‌ "كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شەریكی ئاشتی و دەوڵەمەندبوون"ی بایكۆت كردووە.
پەروین بابەكر، دەشڵێت: "بەم نامەیە دەمەوێت پێتان رابگەینم كە بە داوای لێبوردنەوە بەشدار نابم لە كۆنفرانسەكەتان".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی بە كۆنفرانسەكە دەڵێت: "ئێوە كە ناوی كۆنفرانسەكەتان شەریكی ئاشتی و دەوڵەمەندبوونە! بەڵام بە داخەوە ئێوە شەریكی تا سەر نین".

لەنامەكەدا كە ئاراستەی‌ سەرپەرشتیارانی‌ كۆنفرانسەكەی‌ كردووە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات "لە سەروەختی رێكخراوی تیرۆرستی داعشدا، كەسەكانمان لە رۆژئاوا لە بری هەموو دونیا شەڕی دژ بە تیرۆریان كرد، كەچی ئێستا بێدەنگن لە بەرانبەر ئەو زوڵمەی لە رۆژئاوای نیشتیمانەكەمان دەكرێت، لەو‌ جەنگەی ڕۆژئاوایی كوردستان بە تەنها دەرەقەتی نایات، لە ناوەراستی مەیدانی جەنگێكی نابەرانبەردا بە تەنها بەجێتان هێشتون.

پەروین بابەكر نووسیوویەتی: "ئێوە كە شەریكی ئاشتین بریا لە جەنگەكانیشدا شەریكێكی راستەقینەمان بوونایە.".

هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو "سبەی ڕۆژ كە نیشتیمانەكەمان بەهۆی ئەم جەنگەوە بە تەواوەتی داڕووخا، رەنگە ببنە شەریكی دەوڵەمەندبوون، هەروەك ئاوەدانكردنەوەی ئاسەواری جەنگ‌ و دەوڵەمەند بوون لەسەر حسابی جەنگ زۆر كەس تموحی تیایەتی".

دەشڵێت "بە داخەوە لەم كاتەدا زیاتر بەدوای كۆنفرانسێكدا دەگەڕێین كە هەوڵی چارەسەر كردنی كێشەكانی رۆژئاوای نیشتیمانەكەمان بدات، كۆنفرانسێك چارەسەری رێگریكردن لە كوشتن و لە ناوبردنی منداڵ و ژن و خەڵكی مەدەنی كوردستانی پێبێت‌، كۆنفرانسێك باس لەوە بكات ئەو پاڵەوانانەی لە پێنج ساڵی رابردوودا داعشیان لە ناو برد ئێستا شەهید دەكرێن".

ئەمڕۆ دووشەممە ۱٤_۱٠_۲٠۱۹، كۆنفرانسی "كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شەریكی ئاشتی و دەوڵەمەند بوون" لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.