ناسك كەوتە داوی هاوسەرەكەیی و لە زیندان بەئاگاهاتەوە

262 جار خوێندراوەتەوە کات02:05 بەروار15-10-2019
ناسك كەوتە داوی هاوسەرەكەیی و لە زیندان بەئاگاهاتەوە
راچڵەكین-

ناسك ناوی خوازراوی ژنێكی تەمەن ١٨ ساڵە، بێ ویستی خۆی باوكی بەشووی داو حاشای لێكرد، هاوسەرەكەشی تووشی ماددەی هۆشبەری كردو لێی جیابووەوە، ئێستاش لە زینداندایە و ئەگەرچی ماوەی حوكمەكەی تەواوبووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ٤٥٠ هەزاری غەرامە لە زیندادا ماوەتەوە. ناسك ئێستا لە چاكسازیی گەورانی سلێمانییە، ئەو بە ماكسییە پرتەقاڵییەكەی ڕەنگی تاوانەوەو بە لەچكێكی ڕەشەوەو چیرۆكی خۆی بۆ گێڕایەوە. ناسك، خەڵكی شارۆچكەیەكی باشوری كوردستانە لە سنووری ئێران، لەتەمەنی ١٣ ساڵیدا، ئەو كاتەی دایكی كۆچی دوایی دەكات، ناسك لەگەڵ دوو خوشك و تاكە براكەیدا بێ ناز دەمێننەوە پێدەنێنە ڕۆژگارێكی ڕەشەوە،

"باوكم هەرزوو هاوسەرگیریی كردەوە و ئێمەی لە سۆزی خۆی بێبەشكرد"

ڕۆژگار دێت و دەچێت باوكی ناسك و هاوسەرە نوێیەكەی مامەڵەیان لەگەڵ منداڵەكاندا خراپ دەبێت، ئیدی دەكەونە بیری بەشوودانی كچەكان و یەك یەك بەشوویان دەدەن، لە مانگی ١٠ی ٢٠١٥-ش، نۆبەی ناسك دێت بێ ویستی خۆی، ناسك لەگەڵ پیاوێكی ٢١ ساڵ هاوسەرگیریی پێدەكرێت. چوونە ناو ماڵێكی نوێ، ڕۆژگاری ناسك-ی سپی نەكردەوە، بەڵكو وەك دڵی باوكی ڕەشتری كرد، ڕۆژێك كاتێك دەچێتە پشت هەیوانەكە دەبینێت، هاوسەرەكەی خەریكی كێشانی ماددەییەكە، كاتێك ناسك دەپرسێت"ئاری ئەو ماددەیە چییە"

ئاری بە لێدان وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت "پەیوەندیی بە تۆوە نییە"

ناسك بە دەنگێكی نزمەوە بەردەوام دەبێت لە قسەكردن و دەڵێت"ئاری، بۆ پۆشینی خراپەكارییەكانی خۆی،  سەرنجی منی ڕاكێشا بۆلای ئەو ماددە هۆشبەرانەی بەكاری دێنێت و پەسنیان دەدات، كێشی زۆری جەستەی منی  وەك خاڵێكی لاواز بەكارهێنا و هانی  دام بۆ بەكارهێنانی كریستاڵ، بە بانگەشەی ئەوەی"كریستاڵ زەعیفت دەكات، تۆش بەكاری بێنە".

ناسك، هێواش هێواش فێری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبێت وەكخۆی ئاشكرایكرد، ناسك ئەوەشی نەشاردەوە"  هاوسەرەكەم  تەنیا بەكارهێنەر نەبوو، بازرگانیشی پێوەدەكرد، "هاوسەرەكەم بەڕادەیەك ئالودە بووە، جەستەی خۆی بە چەقۆ بریندار دەكرد."

بە هەنسكەوە ئەوەشی بۆ قسەكانی زیاتر" هاوسەرەكەم  دەرگای لەسەردادەخستم و بەردەوام لێی دەدام."

وەك ناسك باسیدەكات"خانەوادەی ئاری ئەگەرچی ئاگاداری دۆخی كوڕ و بووكەكەیانن، بەڵام هیچ لێپرسینەوەیەك ناكەن و دەستبەرداری دەبن، پێش ئەوەی داخوازیی منیش بكەن زانیویانە كوڕەكەیان ماددەی هۆشبەر بەكاردێنێت، بەڵام بۆ ئەوەی رزگاریان بێت لێی، "هاتنە داوای من."

ناسك لە ماڵەكەی خۆیدا ئارایشتگای دانابوو، بەهۆی بەكارهێنانی كریستاڵەوە نانی بۆ نەدەخورا و كێشی ڕۆژ بە ڕۆژ دادەبەزی، كاتێك سەردانیكەرانی ئارایشتگاكەی پێیان دەوت"زەعیف بووی" زۆر دڵی خۆش دەبوو، ئەمەش زیاتر هانی دەدا بۆ نوقومبوون لە گێژاوی بێهۆشییدا. دڵخۆشییەكانی ناسك تەنیا ئەوكاتانەبوو، كە لەگەڵ موشتەرییەكانیدا بەدەم وەڵامی پرسیاری "ئەوە بەچی زەعیف بوویت"ەوە دەتریقایەوە، كاتێك پێیدەنایەوە ئەو ژوورەی بۆ یەكەم جار ئاری تێدابینی خەریكی كێشانی ماددەی هۆشبەر بوو، ئیدی هەموو شت دەگۆڕا، ئاری لەلایەك سەرقاڵی كێشانی هیرۆین دەبوو، ناسكیش كریستاڵ، دوای ئەوەی ئاری بەتەواوی بێهۆش دەبوو، ئینجا دەكەوتە گیانی ناسك و لێی دەدا، دواتر دەچووە دەرەوە و دەرگاكەی لەسەر ناسك دادەخست، ئەمەش دەبێتەهۆی توڕەیی ناسك و وردە وردە ناكۆكییەكانیان گەورە دەبێت.

ناسك، چیدی بەرگە ناگرێت بڕیاری جیابوونەوە دەدات، بەڵام بۆ كوێ؟ خۆ جێیەك نییە ڕووی تێبكات، باوكی پێیوتووە بەهیچ شێوەیەك نەیەیتەوە ماڵەكەم، لەگەڵ ئەوەشدا سورە لەسەر بڕیارەكەی، بەڵام سەرەتا پێویستی بەوەیە واز لە ماددەی هۆشبەر بهێنێت، دوو مانگ دەچێتە ماڵی خوشكی هاوسەرەكەی، ئەو زۆر هاوكاریی دەكات و لەو دوو مانگەدا تەنیا لە هاوسەرەكەی نا، لە كریستاڵ-یش دووردەكەوێتەوە، بەڵام كردنەوەی ئەو دەرگایە تا سەر نابێت، بەهۆی كێشە بەردەوامەكانی نێوان دشەكەی و هاوسەرەكەیەوە ناچار دەبێت ماڵەكەیان بەجێبێڵێت، چونكە پییوایە، ئەو هۆكاری دروستبوونی ئەو كێشانەیە. جارێكی دیكە ڕووەو ئەوماڵەی، كە بەدبەختییەكانی تیایدا باڵای كرد، ڕووەو لای ئەو پیاوەی، دەستی گرت بۆ ناو زۆنگاو، ڕووەو بەكارهێنانی كریستاڵ بووە و چووەوە هەمان دۆخی جارانی.

شەڕ و ناكۆكیی دەستپێدەكاتەوە، هەرچەندە دووگیان-یش دەبێت، بەڵام ناسك ئیدی بەرگەی ئازاری هاوسەرەكەی ناگرێت و جیادەبێتەوە، بێ ئەوەی پەناگەیەك هەبێت ڕووی تێ بكات، دووكانێك بە كرێ دەگرێت و بەردەوامیی بە كاری ئارایشت دەدات، هەر ئەو دووكانە دەكات بە شوێنی حەوانەوەی و شەو ڕۆژی تێدا بەسەردەبات.

ناسك منداڵی دەبێت، دەزانێت، كە بەهۆی بەكارهێنانی كریستاڵەوە نابێت شیر بە منداڵەكەی بدات و بەخێوكردنی منداڵ لەو دۆخەدا بۆ ئەو زۆر زەحمەت دەبێت، بۆیە منداڵەكەی دەدات بە خوشكی هاوسەرەكەی تا بەخێوی بكات.

ناسك ماڵی نییە و شوێنی مانەوەی مەترسیدارە، بۆیە بیر لەڕێگایەك بۆ خۆپاراستن دەكاتەوە، باشترین ڕێگاش بەلای ئەوەوە، دەستبەرداربوون لە ژنێتی و خۆگۆڕینە بۆ پیاو، بۆیە ئەو كاتانەی لە ساڵۆنەكەی دەچێتە دەرەوە، جلی پیاوانە دەپۆشێت، ئێلەگ و شەرواڵی كوردیی دەپۆشێت و پۆستاڵ لەپێ دەكات، تا ئەوكاتەی ناسراوێكیان دێتە ئارایشتگاكەی و بانگهێشتی ماڵی خۆیانی دەكات. ئەو ڕۆژە چی بینی؟ ئەو ژنەی پەلكێشی ماڵی خۆیانی كرد، خەریكبوو هیرۆینی دەكێشا، ئیتر ناسك-یش گرێی دڵی خۆی لاكردەوە و پێیوت، ئەویش كریستاڵ بەكاردێنێت و لە ڕۆژێكدا ٢٥ تا ٥٠ هەزار دەدات بە كریستاڵ. هاوسەری ژنەی خاوەن ماڵ، جگە لە بەكارهێنان بازرگانییشی بە ماددەكەوە دەكرد، هەر ئەویش ڕۆژانە كریستاڵی بۆ ناسك دەهێنا، ناسك مانگێك لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، تا ڕۆژێك پۆلیس خۆی دەكات بە ماڵدا و ناسك و ژنەكەی هاوڕێی دەستگیر دەكات، هاوسەری ژنەكەش هەڵدێت و لە دەستی پۆلیس قوتاری دەبێت. سەرەتا تۆمەتبارەكە ڕەتیدەكاتەوە، كە ماددەی هۆشبەر بەكاربێنێت و وای نیشان دەدات، كە ئەو ئاگادار نییە لەو ماڵەدا ماددەی هۆشبەر بەكاردێت، بەڵام دوای دەرچوونی ئەنجامی پشكنینی پزیشكیی، ئیدی ناتوانێت دان بە تاوانەكەیدا نەنێت، بۆیە لەبەردەم پۆلیس و دادگادا ئاشكرای دەكات، كە هاوسەرەكەی فێری بەكارهێنانی ئەو ماددەیەی كردووە و خۆشی هەم بەكاری دێنێت، هەم كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكات، ئینجا هاوسەرەكەشی دەستگیر دەكرێت. بە وتەی ناسك، هەریەك لە ئاری و ئەو ژنەی، كە ناسكی بردبووە ماڵەكەی خۆی، بەهۆی "واستە"وە دوای شەش مانگ ئازاد كراون، بەڵام ناسك بە ساڵێك زیندانیی و ٤٥٠ هەزار دینار غەرامە حوكم دەدرێت. ٢٠/تەمموزی ئەمساڵ حوكمەكەی ناسك تەواوبووە، بەڵام هەتا ئێستا لە زینداندایە، هەتا ئێستاش هیچ كەسێك لە كەوسوكارەكەی سەردانیان نەكردووە، لەدوای تەواوبوونی حوكمەكەی ناسك دەبوو غەرامەكە بدات، بەڵام هیچ كەسێك سەردانی ناكات و ئاماددەنییە ئەو بڕە پارەیەی بۆ بدات، تا لە زیندان بچێتە دەرەوە، بۆیە ناسك ناچارە لەدوای حوكمەكەشی شەش مانگی تر لە زینداندا بمێنێتەوە. باوكی ناسك، لەدوای دەستگیركردنی كچەكەی، جارێكی دیكە بڕیاری حاشالێكردنی نوێكردەوە، بەو بەهانەیەی باوكی ئاگادارنەكردووەتەوە لەوەی هاوسەرەكەی ماددەی هۆشبەر بەكاردێنێت و خۆشی بەكاری هێناوە، هەڕەشەشی لە براو خوشكەكانی ناسك كردووە، كە بەهیچ شێوەیەك ناسك نەبینن. ئەو رزگاربووە، نایەوێت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە سەر هەمان ڕێچكەی جاران و دەیەوێت لەدوای ئازادبوونی، بچێتە ماڵی ئەو دشەی، كە زۆر باشبووە لەگەڵی، تا ئەوكاتەی دەگەڕێتەوە سەر كارەكەی جارانی و دەتوانێت ماڵێك بۆ خۆی منداڵەكەی بەكرێ بگرێت. "

"ئامادە نییم جارێكی دیكە هەڵە بكەمەوە" ئەمە دوایین قسەی ناسك بوو، كە چەند جارێك دووبارەی كردەوە و ئینجا ژووورەكەی بەجێهێشت. ئەم چیرۆكە تەنیا نمونەیەك بوو لەو دەیان چیرۆكەی، كە لە چاكسازیی ژنانی سلێمانییدا هەیە، هەرەیەكە و بەدەم گێڕانەوەی چیرۆكەكانیان بۆ یەكتر، سەدان شەو بەڕێدەكەن. لە شەش مانگی یەكەمی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٩٥ هاتوو بۆ ناو چاكسازیی تۆماركراوە، ٢٦١ كەسیان ڕاگیراو بوون، ٣٤ كەسیان سزادراوبوون لەو ژمارەیەش ١٤-یان ژ بوون، هەروەها، لە ڕۆژی ٢٢/٩/٢٠١٩، كە ئێمە سەردانی چاكسازیی ژنانمان، كرد، ٨٠ سزادراو و ڕاگیراو هەبوون، لەو ژمارەیەش ٣٥ ژنی سزادراو هەبوون.

س: رۆژ نیوز