سلێمانی؛ نرخی بەنزین دابەزی

430 جار خوێندراوەتەوە کات04:37 بەروار26-10-2019
سلێمانی؛ نرخی بەنزین دابەزی

راچڵەكین ـ فەرهەنگ فەرەیدون 

ئەمڕۆ نرخی هەموو جۆرەكانی بەنزین لەسەرجەم بەنزینخانەكانی سلێمانی 50 دینار دابەزی، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە"دوای كۆبوونەوەی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، نرخی بەنزین دابەزیووە" وتەبێژی بەنزینخانەكانیش دەڵێت"لەو كۆبوونەوەیە باس لە دابەزینی نرخی بەنزین نەكراوە".

پەڕەی فەرمی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە"پاش كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ نوێنەری بەنزینخانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ نرخی بەنزین ٥٠ دینار بۆ یەك لیتر دابەزی".

لە هەمان پۆستدا، كە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی هاوبەشی پێكردووە نوسراوە"پارێزگاری سلێمانی سوپاسی نوێنەری بەنزینخانەكانی كردو پشتیوانی خۆی بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیان دووپات كردەوە".

بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بە(راچڵەكین)ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە 24-10-2019،"بەهیچ شێوەیەك باس لە دابەزینی نرخی بەنزین نەكراوە، كۆبوونەوەكە بۆكارێكی دیكە بوو".

سەبارەت بە هۆكاری دابەزینی نرخی بەنزین وتی"دابەزینی نرخی نەوت لە جیهان، هێنانی بڕێكی زۆری بەنزین لە ئێرانەوە، هەروەها كەمبوونەوەی هاتوچۆ بەهۆی وەرزی زستانەوە، وایكردووە نرخی بەنزینمان كەمكردەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد"ئێمە پابەندی ئەو بەڵینانەین، پێشتر داومانە و بەردەوامیش، ئەنجومەنی پارێزگا، پارێزگار و قائیمقامیش، لەگەڵ دابەزینی نرخی بەنزینن".
 
كەریم عەلی كەریم، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە(راچڵەكین)ی راگەیاند"حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگا،هیچ بڕیارێكیان نەداوە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین".

پێشتر نرخی بەنزین لەجۆری محەسەن بە 725 دینار بوو، ئێستا بووە بە 675 دینار، نرخی بەنزین لە جۆری نۆرماڵ بە 650 دینار بوو، ئێستا بووە بە 625 دینار، هەروەها نرخی بەنزین لە جۆری سوپەر بە 800 دینار بوو، ئێستا بووە بە 750 دینار.