كەی ئێن ئێن بۆ داخرا؟

7145 جار خوێندراوەتەوە کات03:09 بەروار04-11-2019
كەی ئێن ئێن بۆ داخرا؟

لەدوای كۆچی دوایی رەوانشاد كاك نەوشیروان، كوڕانی ئەو سەركردە كۆچكردووە جڵەوی گۆڕانیان گرتەدەست و تەنانەت گردو تەپوڵكەو هەرچی سەروەت و سامانی بزوتنەوەكە بوو خستیانە سەر ناوی خۆیان و ئەو بزوتنەوەیەی كاك نەوشیروان بەرەنج و ماندووبوون و پاكێتی خۆی و دەنگی هەژاران دروستی كرد، خرایە سەر سینییەك و پێشكەشی پارتی دیموكراتی كوردستان كرا بەرانبەر چەند بەرژەوەندییەكی ماددی بۆ چیاو نما.

ئەوەی جێی سەرەنجی خەڵكی و لایەنگرانی گۆڕان بوو جگە لە قۆرخی میدیای حزبەكەیان لەلایەن چیاو نماوە، هاوكات لەگەڵ رێككەوتنی بزوتنەوەكە لەگەڵ پارتی كوڕانی نەوشیروان بەڵێنی ئەوەیاندا بە پارتی كە هەرچی زووە كۆتایی بەناوی كەناڵێك دێنن ناوی KNN-ە ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی پێشتر لەو كەناڵەوە‌ زۆرترین پەلاماری پارتی و خودی مەسعود بارزانی و بنەماڵەكەی درابوو.

هاوكات پارتی لەبری داخستنی KNN بەڵێنی ئەوەی بە گۆڕاندا كە هاوكاری مادییان بكات بە كردنەوەی چەند كەناڵێكی تری نوێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی كە هەم دوورو نزیك لە دژی پارتی و حكومەت كارنەكەن هاوكات ئەو كەناڵانە وەك سێبەر بناسرێن و كارلەسەر سلێمانی و كێشە ناوخۆیەكانی یەكێتی بكەن.

كوڕانی كاك نەوشیروان دەستیان كرد بە جێبەجێكردنی كارەكەو لەماوەی رابردوودا كەنالی كەی ئێن ئێن-یان بەتەواوەتی داخست و سەرقاڵی كردنەوەی كەناڵێكی تری ئاسمانین كە پارتی پارەكەی بۆداون، هاوكات لەماوەی رابردوودا چەندین میدیاو پەیجی سێبەریان دامەزراندووە بە مەبەستی دژایەتی كردنی یەكێتی و گەورەكردنی كێشەكانی سنووری ئیدارەی سلێمانی.

میدیا سێبەرەكانی گۆڕان بە سوود وەرگرتن لەو دەستكرانەوەیەی لەلایەن پارتی و كوڕانی نەوشیروان مستەفا بۆیان فەراهەمكراوە، هاوكات لەلایەن هەندێك كەسی ناو یەكێتیشەوە هاوكاری دەكرێن بەمەبەستی تەسیفیە حساب و كاركردن بۆ كۆنگرەی حزبەكەیان.

ئەگەرچی جاران گۆڕان تەنها بەیەك رۆژنامەو یەك رادیۆو یەك تەلەفزیۆن و ماڵپەر توانی ببێتە هێزی دووەم لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا لەسەر دەستی چیاو نما، چەندین كەناڵی نوێ كراونەتەوە، ئەوەی جێی سەرەنجە هیچ كام لەو كەناڵە نوێیانەی كوڕانی كاك نەوشیروان لای خەڵك سەنگ و پێگەی جەماوەری نییەو بۆ هەڵبژادنیش كاریگەری ئەوتۆیان نابێت، بەڵكو تەنها بۆئەوە دامەزراون پێگەی چیاو نما بپارێزن و بەناوی میدیاوە پارە لە پارتی و ئەملاو ئەولا وەردەگرن و كار لەسەر دۆخی ناوچەی سلێمانی دەكەن.

كارمەندێكی پێشووی كەی ئێن ئێن