ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ راگرن !

78 جار خوێندراوەتەوە کات04:03 بەروار05-11-2019
ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ راگرن !

ماوه‌یه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك كۆلكه‌ خوێنه‌وار و حزب، ده‌ستیانداوه‌ته‌ كارێك به‌ ناوی دروستكردنی " ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕاگه‌یاندن" له‌ ئێستاشدا ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌ره‌وپێشوه‌چووه‌، بڕیاریشه‌ حزبه‌كان نوێنه‌ریان له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ باڵایه‌دا هه‌بێت.

دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای راگه‌یاندن له‌ ژێر هه‌ر پاساو بیانوویه‌ك بێت، مۆدێلێكی قێزه‌ونی كاری میدیایی و دامه‌زراوه‌یه‌، ئامانجه‌كه‌شی له‌ پێناو خزمه‌تكردنی حزب و دانانی سانسۆر و بچووكردنه‌وه‌ی پانتایی كاری رۆژنامه‌نووسی و ئازادی ڕاده‌بڕینه‌، هه‌وڵێكیشه‌ بۆچوونه‌ پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك نه‌خوێنه‌واری بواری میدیا.

له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی میدیای نوێ ( نیو نیو میدیا) به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ و تێپه‌راندنی میدیای ته‌قلیدی، دروستكردنی ئه‌م جۆره‌ دامه‌زراوانه‌ هیچ به‌هاو گرینگییه‌كی نه‌ماوه‌، ئێستا هه‌موو خه‌ڵك ده‌توانی ببێته‌ هاووڵاتی ڕۆژنامه‌نوس، هه‌ژمارو په‌یجه‌كه‌ی خۆی بكاته‌ مینبه‌رێكی باشترو پڕۆفێشناڵتر له‌ زۆر ده‌زگای میدیای.

ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نووس پێویستمان به‌ سه‌ندیكایه‌كه‌ داكۆكیه‌كی پیشه‌یمان لێبكات و داوای مافه‌كانمان بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌زگایه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌ین. پێویستمان به‌ هه‌مواری یاسایی ڕۆژنامه‌گه‌ری ساڵی 2007 و هێنانه‌كایه‌ی یاسایی باش و پوخته كه‌ كاری ماس میدیاو و میدیای نوێ رێكبخات، ئه‌ویش به‌ فه‌راهه‌مكردنی ئازادییه‌كی ته‌واو بۆ كاری میدیای و ڕۆژنامه‌نووسان و، دانانی به‌ربه‌ستێك له‌ به‌رده‌م خراپ به‌كارهێنانی میدیا بۆ ناوزڕاندن و تانه‌و ته‌شه‌رو هێرشكردنه‌ مافی تاك و ئه‌وانی دیكه‌.

ڕۆژنامه‌نووسان پێویستیانه‌ یاسایی سزادانی عێراق و خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی مۆبایل به‌سه‌ریان جێبه‌جێنه‌كرێت، پارێزراوبن له‌ ده‌ستگیركردن به‌هۆی كاره‌كانیانه‌وه‌، یاسایه‌ك په‌سه‌ندبكرێت ئه‌رك و مافه‌كانی ڕۆژنامه‌نووس له‌ چوارچێوه‌ی یاسایه‌كی باش و مۆدێرن دیاریبكرێت.

خۆم و كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌نووسی دیكه‌، ئاگاداری هه‌وڵه‌كانی دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕاگه‌یاندنین، ده‌مانه‌وێ له‌ ڕێگه‌ی كه‌مپین ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ بارببه‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌ر سوور بوون له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌، ئه‌وكات ئه‌و ده‌زگایه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ نێو ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك بچووك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆشیان چاوه‌ڕێیان نه‌كردبێت، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ دوای ئه‌م كاره‌وه‌ن جگه‌ له‌ خزمه‌تكردنی حزب و به‌ر ته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادی، هیچ ئامانجێكی دیكه‌یان نییه‌ و ده‌یانه‌وێ بمانگه‌ڕێنه‌وه‌ دواوه‌وه‌.

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی