خه‌ون ڕاستیه‌ یان نامه‌یه‌كی نهێنیه‌ بۆ مرۆڤ؟

827 جار خوێندراوەتەوە کات10:37 بەروار12-11-2019
خه‌ون ڕاستیه‌ یان نامه‌یه‌كی نهێنیه‌ بۆ مرۆڤ؟

ڕاچڵه‌كین-

توێژینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌سه‌ر خه‌ون كه‌ دكتۆره‌ "نیرینا راملاخان"  Nerina Ramlakhan له‌ وڵاتی به‌ریتانیا كاری له‌سه‌ر كردوه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ نوستن بۆ ماوه‌ی‌ یه‌ند كاتژمێرێكی زۆر واده‌كات مرۆڤ خه‌ونی جۆراوجۆر و بێزاركه‌ر ببینێت و ئه‌مه‌ش كار له‌ باری ده‌رونی ده‌كات.

توێژینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ كۆمپانیای سایلێنت نایت Silentnight ی ئینگلیزی تایبه‌ت به‌ دروستكردنی پێویستیه‌كانی نوستن ئه‌نجامیداوه‌ له‌سه‌ر هه‌زار كه‌س له‌ به‌ریتانیا تیایدا هاتوه‌ %70 ی ئه‌و خه‌ونانه‌ی‌ مرۆڤ ده‌یبینێت په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ژیانی تایبه‌تی و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی مرۆڤه‌وه‌.

به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئایا تا چه‌ند خه‌ون بینین په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ئێستا و داهاتوه‌وه‌؟ له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ت ده‌ست ده‌كه‌وێت.

مرۆڤ ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ 10 خه‌و ده‌بینێت به‌ڵام ته‌نها چه‌ند دانه‌یه‌كی له‌بیر ده‌مێنێت، به‌ڵام چی واده‌كات مرۆڤ خه‌ون ببینێت؟

دكتۆر كامل پزیشكی مێشك و كۆئه‌ندامی ده‌ماره‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ڵێت"كاتێك مرۆڤ ده‌چێته‌ خه‌وی قوڵه‌وه‌ خه‌ون ده‌بینێت و په‌یوه‌ندیشی هه‌یه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ پیایدا تێپه‌ڕ بووه‌ و كاتێك خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه‌ به‌شێكی زۆری خه‌وه‌كه‌ی‌ بیرماوه‌ چونكه‌ چۆته‌ خه‌وی قوڵه‌وه‌ و هه‌تا ئێستاش هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هۆكاری ئه‌وه‌ ئاشكرا بكات كه‌ بۆچی مرۆڤ هه‌ندێكجار خه‌ون ده‌بینێت و دوای چه‌ند ساڵێك ده‌بێت به‌ ڕاستی."

زانای ئه‌ڵمانی ئه‌لیك فرۆم له‌ كتیبی" زمانی بیرچوه‌وه‌" باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و خه‌ونانه‌ی‌ مرۆڤ ده‌یانبینێت هه‌ڵگری په‌یامێكن كه‌ له‌ هێزێكی گه‌وره‌وه‌  ده‌نێردرێت بۆ مرۆڤ، فرۆید ده‌ڵێت" خه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ به‌شی نا ئاگای مرۆڤه‌وه‌ .

زانای سویسری "كۆل یۆنگ" ده‌ڵێت" خه‌ون لایه‌نی شاراوه‌ی‌ مرۆڤ ئاشكرا ده‌كات"

پسپۆڕێكی بواری خه‌واندنی موگناتیسی ده‌ڵێت" خه‌ون په‌یوه‌ندی به‌ به‌شی بێ ئاگای مێشكی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌تا مرۆڤ زیاتر باوه‌ڕ به‌ خه‌ونه‌كه‌ بكات ئه‌وه‌ مێشكی كاری له‌سه‌ر ده‌كات و ئه‌مه‌ش به‌ ڕاستی له‌ ژیانیدا ڕوده‌دات و دواتر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی‌ بینیویه‌تی بۆته‌ ڕاستی"