رێواز فایەق: گلەییەكی زۆرمان لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە

204 جار خوێندراوەتەوە کات11:21 بەروار13-11-2019
رێواز فایەق: گلەییەكی زۆرمان لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە

راچڵەكین-

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، گلەییەكی زۆریان لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق هەیە بەوەی تائێستا بانگهێشتی هیچ ناوەندێكی هەرێمی كوردستان نەكردووە بۆ وەرگرتنی بۆچوونیان لە بارەی هەمواری دەستوور.

 رێواز فایەق، ئەمڕۆ چوارشەممە 13-11-2019 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هەوڵەكانی محەمەد حەلبووسی بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ناوەندە عێراقییەكان لە بارەی هەمواری دەستوور، رایگەیاند: "بەداخەوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بانگهێشتی هەموو زانكۆ و ناوەندەكان و دەسەڵاتەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی عیراقی كردووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەیەك نامەش هیچ دامەزراوەیەكی فەرمی و نافەرمی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، زانكۆكان ئاگادار نەكراوەتەوە بۆ ئەوەی بەشدار بێت."

وتیشی:" رەنگە تەنها بژاردە ئەوە بێت خەڵكی ئێمە لەڕێگەی ئەو لینكەی كە دایناوە قسەی خۆی هەبێت لەكاتێكدا خۆتان دەزانن لە عیراق ئینتەرنێتیش نییە."

لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەكی 21 كەسی ( كە شەشیان كوردن) بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پێكهێنراوە، تائێستاش لیژنەكە دوو كۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش داوای لە زانكۆ و ناوەندە رۆشنبیرییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كردووە، بۆچوونی خۆیان لە بارەی هەمواری دەستوور رەوانەی لیژنەكە بكەن، بەڵام هیچ پەیامێكی بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكردووە.