بەغدا؛ سەرۆككۆماری عیراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە

82 جار خوێندراوەتەوە کات12:24 بەروار13-11-2019
بەغدا؛ سەرۆككۆماری عیراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە

راچڵەكین-

سەرۆككۆماری عیراق لەشاری بەغدای پایتەختی عیراق پێشوازی لە نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كردو كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13-11-2019 نێچیرڤان بارزانی، بەیاوەری هەریەك لە، جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆكی هەرێم و فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە شاری بەغدا.

 

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە رۆژنامەنووسانی وت: "لە كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێم و سەرۆك كۆمار باس لە ھەموار كردنەوەی دەستووری عێراق كرا. ئەوە خرایەڕوو كە ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھەموار كردنەوەی دەستوورە بە جۆرێك باشتربێت لەوەی كە ئێستا ھەیە و خزمەتی زیاتری گەلانی عێراق بكات".


نێچیرڤان بارزانی سەرەتا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆبوەوە، دواتر چاوی بە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان كەوت .

لەو كۆبوونەوانەشدا، تاوتوێی بارودۆخی عیراق، هەوڵەكانی هەمواری دەستوور و كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا تاوتوێ كران.

ئەمە یەكەم سەردانی شاندێكی باڵای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بەغدا لەدوای دەستپێكردنی شەپۆلی خۆپیشاندانەكان و ناڕەزاییەكان لە بەغدا و شارەكانی دیكەی باشووری عێراق كە هەتا ئێستا بە سەدان كەس بوونەتە قوربانی.