كۆسرەت ڕەسول: نابێ مافە دەستووری و یاساییەكانی كورد دەستكاری بكرێت

80 جار خوێندراوەتەوە کات12:24 بەروار13-11-2019
كۆسرەت ڕەسول: نابێ مافە دەستووری و یاساییەكانی كورد دەستكاری بكرێت

راچڵەكین-

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بەرپرسی هەمواری دەستووری عیراق ڕایگەیاند:" نابێ مافە دەستووری و یاساییەكانی كورد دەستكاری بكرێت."

‎ ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣-١١-٢٠١٩ لەشاری سلێمانی، كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازی كرد لە ڤینیسینت پۆپیۆو بەرپرسی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان.

‎لە دیدارەكەدا كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئامادەی بوو، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی كوردستان و عێراق و پرسەكانی پەیوەست بە گۆڕانكارییە پێشبینیكراوەكان.
 
‎بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان،  لە كۆبوونەوەكەدا تایبەت بەدۆخی كوردستان، كۆسرەت ڕەسول ڕایگەیاند:" یەكێتی لەگەڵ یەكهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانە و هەوڵی جدی دەدا تا سەرجەم هێزە كوردستانییەكان خاوەن دیدێكی هاوبەش بن بۆ پرسەكانی پەیوەست بە دۆخی كوردستان."

‎سەبارەت بەدۆخی بەغداو خۆپیشاندانەكان، جێگری سكرتێری گشتی:" پشتیوانی خۆی بۆ داوا ڕەواكانی خۆپیشاندەران دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا كە پشتیوانی لەهەموو هەوڵێكی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكەن و سەبارەت بەپرسی هەمواری دەستووریش ڕایگەیاند كە نابێ مافە دەستووری و یاساییەكانی كورد دەستكاری بكرێ و دەبێ دەستوور ڕەنگدانەوەی واقیعی نەتەوەو ئایین و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بێ."

‎وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە،بەشێكی تری دیدارەكە تەرخانكرا بۆ دۆخی ناوخۆی یەكێتی و پرسی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی، لەمڕووەوە كۆسرەت ڕەسول بەوردی باسی لەهەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرەو هەوڵەكانی یەكێتی بۆ حوكمڕانییەكی تەندروست و خزمەتگوزار خستەڕوو.

‎پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، كۆسرەت ڕەسول داوای لە بەرپرسی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا كرد كە هەوڵبدەن پەرە بە پەیوەندییەكان بدەن و لەسێكتەرە جیاوازەكان خزمەتی هەرێمی كوردستان بكەن.

لەدیدارەكەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادەبوو.