عەلی قەرەاغی: تائێستا زانكۆكەی خۆم لە توركیا باوەرپێكراو نییە

284 جار خوێندراوەتەوە کات02:36 بەروار13-11-2019
عەلی قەرەاغی: تائێستا زانكۆكەی خۆم لە توركیا باوەرپێكراو نییە

راچڵەكین-

ئەمینداری گشتی زانایانی جیهانی مسوڵمان وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەداتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن بەوەی  هاوسۆزی هەیە لەگەڵ حكومەتی توركیادا و دەڵێت:" من هەرگیز منەت بەسەر كەسدا ناكەم، چاوەڕوانی سوپاس و ستایشی بێبنەماش لە كەس ناكەم."

د. عەلی قەرەداخی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەری دیپلۆماتیك، لەبارەی ئەو رەخنانەی لێیدەگیرێن بەتایبەت دوای لەشكركێشییەكەی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و كوژرانی دەیان هاوڵاتی سڤیل، كە بێدەنگی هەڵبژاردووەو سەركۆنەی نەكردووە، دەڵێت:" من دەپرسم ئەم هەموو هێرشە بۆچی لەسەر ئێمە هەیە بێئەوەی هیچ پێگەیەكی فەرمی وسیاسیم هەبێت، لە كاتێكدا هەموو سەركردە سیاسیەكان بە حكومی و حیزبیەوە لە هەرێمی كوردستاندا هەڵوێستیان دژی توركیا نەبووەو تەنانەت بەیاننامەكانیان وشەی توركیای تێدا نیە، بگرە هەندێكیان بە راستەوخۆو ناراستەوخۆ سەركۆنەی سیاسەتەكانی پەكەكەو پەیەدەیان كردوە."

"من بێ هەڵوێست و بێ دەنگ نەبووم، بەئاشكرا وتوومەو دەیڵێمەوە كە دژی ستەم و دەستدرێژی و خوێن رشتن و ستەمكاریم هەر كەس هەر لایەنێك پیادەی بكات"

دەشڵێت:" شانازی دەكەم بەوەی  خزمەتكاری نەتەوەكە‌م  بم و بە عیبادەتی دەزانم، لە كاتی كارەساتە گەورەكاندا جێدەستمان دیارە، لە پاش هەڵەبجەو ئەنفال رابیتەمان دروست كرد، لە جەنگی ناوخۆدا برایەتی و ناوبژیوانیمان كرد، دۆستایەتی راستەقینەمان لەگەڵ هەموو سەركردەو حیزبەكانی هەرێمی كوردستان پاراست بە ئیسلامی و نەتەوەیی و نیشتمانیەوە."

ئاماژەی بەوەشكرد:" لە شەڕی سەپێنراوی داعش بەسەر هەرێمی كوردستاندا فتوای شەهیدیمان بۆ پێشمەرگە پاڵەوان و ئیماندارەكاندا و رووبەرووی ستەمكاری و دەستدرێژی وەستاینەوە، لە پاش ریفراندۆمی گەلی كوردستان و ئاسەوارە خراپەكان ئەوەندەی لە تواناماندا بوو درێغیمان نەكرد لە كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر هەرێم و تەنانەت گەڕاندنەوەی هەندێك لە هێڵە فرۆكەوانیەكان بۆ فرۆكەخانەی سلێمانی!."

عەلی قەرەداغی، بۆ دوورخستنەوەی گومانەكان لەخۆی بەوەی لە توركیاوە نزیكە، دەڵێت:" تاكو ئێستا زانكۆكەی خۆم (زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی) وەك زۆرێك لەزانكۆ ئەهلییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لە توركیا باوەرپێكراو نییە و هیچ مامەڵەیەكی لەگەڵدا ناكرێت."