كۆبانی: توركیا هاوكاری خۆ رێكخستنەوەی داعش دەكات

164 جار خوێندراوەتەوە کات03:05 بەروار13-11-2019
كۆبانی: توركیا هاوكاری خۆ رێكخستنەوەی داعش دەكات

راچڵەكین-

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، بەڵگەی پێویست لەبەردەستدان كە دەیسەلمێنن توركیا هاوكارو پشتیوانی داعش دەكات بۆ رێكخستنەوەی ریزەكانی و دووبارە گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانەی لێی دەركراون.

مەزڵوم كۆبانی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی سكای نیوز، رایگەیاند:" مەترسییەكانی گەڕانەوەی داعش و زۆرو جددین، زۆربەی كەس لەوە ئاگادار نییە بەڵام ئەوە ڕاستییە، داگیركاری توركیا زەمینەی پێویستی ڕەخساند و هیوای دایەوە بەچەكدارانی داعش، ئەو شارانەی رۆژئاوا كوردستانیش كە توركیا چووەتە ناویان دەبنە بنكەی داعش بۆ ئەوەی خۆی رێكبخاتەوە، تەنها ئەوانیش نا بەڵكو چەكدارانی  پێشووی ریزەكانی بەرەی نوسڕەو قاعیدە كەلە 2013 و 2014 لە دژیان جەنگاین."

سكای نیوز بڵاویكردووەتەوە، هەرچەندە توركیا ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە، بەڵام پەیامنێری كەناڵەكە تۆمارێكی ڤیدیۆیی بینیوە كە شەڕكردنی چەكدارانی توندڕەوی سوری شانبەشانی سەربازانی تورك لەدژی شەڕڤانان سەلماندووە.

كۆبانی، لەبارەی ئەو چەكدارانەی داعش كەلەلای هەسەدە دەستگیركراون، ووتی:" هێزەكانیان ناتوانن تا ماوەیەكی دوورو درێژ ئەو زیندانیانە لای خۆیان بهێڵنەوە، چەند جارێك داوامان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە هاوڵاتیانی خۆیان كەسەر بەداعش بوون و لەگرتووخانەكانی ئێمەدان، وەربگرنەوەو لەخاكی خۆیاندا دادگاییان بكەن، لەبەرئەوەی لەتوانای ئێمەدا نییە تا هەتایە زیندانیان بكەین."