روونكردنەوە لەسەر بڕینی "مینحەی" ئەو زیندانە سیاسیانە دەدرێت كەماوەی 10 ساڵە وەریدەگرن

411 جار خوێندراوەتەوە کات03:41 بەروار13-11-2019
روونكردنەوە لەسەر بڕینی

راچڵەكین-

سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند ئەو زیندانییە سیاسییانەی 10ساڵە مینحە وەردەگرن، لە مانگی دووی ساڵی داهاتوودا وادەكەیان تەواو دەبێت، بۆیە ئەوانەی دوو مووچەیان هەیە، پێویستە مووچەیەك هەڵبژێرن و وەجبەیەكی دیكەی زیندانیانی سیاسییش مینحەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.

سەوسەن محەمەد میرخان، رایگەیاند: "كار بۆ ئەوە دەكەین بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەردوو یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هەموار بكەینەوە، چونكە كۆمەڵێك گیروگرفتیان هەیە و دەمانەوێت بۆیان چارەسەر بكەین و خزمەتی زیاتریان بكەین".

میرخان وتیشی: "لە مانگی دووی ساڵی داهاتوودا ئەوانەی مینحەی زیندانیی سیاسی وەردەگرن، وادەی یاسایی وەرگرتنی مینحەكەیان تەواو دەبێت و پێویستە مینحەكەیان ببڕدرێت و بەشێكی دیكەی زیندانیانی سیاسی مینحە وەربگرن، چونكە 23هەزار زیندانیی سیاسی لە هەرێم هەن و تەنها پێنج هەزاریان مینحە وەردەگرن، بۆیە ئەوانەی مینحە وەردەگرن دوو جۆرن، بەشێكیان مووچەخۆری حكوومەتیشن و بەشێكی دیكە تەنها مینحەكە وەردەگرن، بۆیە ئەوانەی تەنها مینحەیان هەیە، لێیان نابڕدرێت، بەڵام ئەوانەی دوو مووچەیان هەیە، پێویستە یەكێكیان هەڵبژێرن و بەشێكی دیكەی زیندانیانی سیاسییش دەبنە خاوەنی مینحە". وەك ماڵپەری فەرمی پارتی بڵاویكردووەتەوە.

وتیشی:" لەبەر ئەوەی  حكوومەت توانای دارایی سنووردارە، رەنگە نەتوانێت مینحە بۆ هەمووان ببڕێتەوە، بەڵام وەكو قۆناغی یەكەم بەشێكی دیكە مینحەیان بۆ دەبڕدرێتەوە و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت تاوەكو هەمووان دەبنە خاوەن مینحە، چونكە مامەڵەكانیان كردووە و تەواویش بووە و تەنها ماوە مینحەیان بۆ ببڕدرێتەوە."