ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەدەركردنی چەند بڕیارێك كۆتایی بە كۆبوونەوەكەی دەهێنێت

233 جار خوێندراوەتەوە کات04:08 بەروار13-11-2019
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەدەركردنی چەند بڕیارێك كۆتایی بە كۆبوونەوەكەی دەهێنێت

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێكی لەبارەی پرۆژەی چاكسازی لەبواری كاروباری پێشمەرگەو بارودۆخی كارمەندانی گرێبەست، دەركرد.

 ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١١/١٣ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دوای كۆبوونەوەكە:" شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە، لە كۆبوونەوەكەدا راپۆرتێكی دەربارەی پێكهاتەی وەزارەت و میلاك وخەرجییەكان و هەنگاوەكانی پڕۆژەی چاكسازی لە بواری كاروباری پێشمەرگە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامیێتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دارایی وئابووری بۆ بەدواداچوونی بڕگەكانی راپۆرتەكەی وەزارەتی پێشمەرگە پێكبهێنرێت و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت."

ئاماژە بەوەشكراوە:"پاشان خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی دانوستاندن لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی راپۆرتێكی خستەڕوو دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەكانی ٣ و ١٢ و ١٦ و ١٧ لە یاسای فیدراڵی ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٩ تایبەت بە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان ژمارە ١٢ ی ساڵی ٢٠١٨ و دوا پەرەسەندنەكانی لیژنەی پێكهاتوو بۆ گۆڕانكاری لە دەستووری عێراق و یەكەمین كۆنووسی لیژنەكە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی پڕۆژە یاسای هەلبژاردنەكانی عێراق كرد."

"ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە لە سەر پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كە بە هیچ شێوەیەك سازشیان لە سەر ناكرێت."

"لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی كارمەندانی گرێبەست پێكبهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەكە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران."