سەعدی ئەحمەد پیرە هەڵبژێردرایەوە

1268 جار خوێندراوەتەوە کات05:42 بەروار15-11-2019
سەعدی ئەحمەد پیرە هەڵبژێردرایەوە

لراچڵەكین-

لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، كۆنگرەی رێكخراوی هاوپەیمانی پێشكەوتنخواز بە چاودێری و ئامادەبوونی ستیڤان لۆڤن ، سەرۆك وەزیرانی سوید و میوانداری پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
 
لەو كۆنگرەیەدا شاندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە پێكهاتبوون لە ( زانا بێستون ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەمیر ئەمین نوێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە سوید و شۆڕش قادر دانساز) بەشدارن .

كۆنگرەی رێكخراوی هاوپەیمانی پێشكەوتنخواز  لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت جیهان بە كۆمەڵێك گۆڕانكاری خێرادا تێپەڕ دەبێت لەوانە پرسەكانی تیرۆر و هۆكارەكانی و هاوكارەكانی وە گۆڕانكاری مەترسیداری خێرایی تێكچوونی كەش و هەواو ژینگەی لەبار بۆ مرۆڤ و تەنانەت خوودی ژینگە و زیندەوەر بەگشتی و ئەو گۆڕانكاریانەی كە لەسەردەمی شۆرشی تەكنەلۆجیا و زانستی نوێ دێنە بەردەم مرۆڤایەتی و بۆ ئەوەش هێزە پێشكەوتووخوازەكان و سۆسیال دیموكراتەكان پلانەكانیان چۆن دابڕێژن و كەرەسەی پێویست ئامادە بكەن بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو پرسە چارەنووس سازانە .

بەگوێرەی راگەیەندراوی شاندی یەكێتی بەشدار لە كۆنگرەكە:" سەعدی ئەحمەد پیرە وەكو ئەندامی بۆردی سەرۆكایەتی رێكخراوەكە بە بەدەستهێنانی ٨٨ دەنگ لەكۆی ١٠٠ دەنگ هەڵبژێردرا لەگەڵ هەر یەك لە سەرۆك وەزیرانی (سوید ، پورتوگال ، نیوزلەندا ، فەڵەستین ، مەكدۆنیا ، دانیمارك ، فیلەندا ، سەنیگال ، ئۆڕۆگوای ، بۆركینافاسۆ، كۆنگۆی دیموكراتی و جێگری راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی پەرلەمانی مەغریب و  سەرۆكی پارتە سۆسیالیستەكانی ئەوروپا) و چەندین سەركردەی پارتە سۆسیالیست و دیموكراتەكان دەبن بە ئەندامی بۆردی سەرۆكایەتی ئەم رێكخراوە جیهانییە ، هەروەها د. جوان ئیحسان وەكو ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردن دەستنیشانكرا." 

رێكخراوی هاوپەیمانی پێشكەوتنخواز لەساڵی ٢٠١٣ لە شاری لایپزیگ لە ووڵاتی ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی سەركردەی پارتە سۆسیال دیموكراتە جیهانییەكان دامەزرا و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەندامی دامەزرێنەری كارای رێكخراوەكەیە.
 
لە ساڵی ٢٠١٦ كۆنگرەیەكی رێكخراوەكەیان لە شاری سلێمانی بە ئەنجامدا و لە ئێستاشدا بۆ ساڵی ئایندە پلان هەیە كە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چەندین كاری هاوبەش بكەن.

بڕیارە سبەی شەممە 16-11-2019 شاندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر بارودۆخی عیراق و كوردستان و ناوچەكە بەشداری لە پانیڵی رێكخراوەكە دەكەن لە سوید.