هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگەو ئەو هێزە هاوبەشانە بەردەوام دەبین كە شەڕی داعش دەكەن

96 جار خوێندراوەتەوە کات06:53 بەروار15-11-2019
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگەو ئەو هێزە هاوبەشانە بەردەوام دەبین كە شەڕی داعش دەكەن

راچڵەكین-

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەختدەكات لەبەردەوامبوون  لە "راهێنان، راوێژدان و پاڵپشتیكردن"ی ئەو هێزە هاوبەشانەی كە لە عێراق و سووریا شەڕی رێكخراوی داعش دەكەن، لەوانەش هێزەكانی پێشمەرگە.
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێكدا   ئاماژەی بەوەكردووە:" هانی تەواوی ئەو لایەنانە دەدەین كە لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریان بۆئەوەی لەبەرامبەر هەڕەشەی تیرۆریزم بەهەموو شێوەكانییەوە هۆشیاربن و ئەو پێشكەوتنە بپارێزن لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە بەدەستهاتووە. هانیان دەدەین هیچ بۆشاییەكی ئەمنی لەناوچەكەدا دروستنەكەن كە بكرێت داعش بیقۆزێتەوە. دەستبەسەركردنی بەردەوامی ئەو كەسانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، لەوانەش چەكدارە تیرۆریستە بیانییەكان، لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا زۆر گرنگە".
 
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا جەخت لە بەردەوامیدان بە راهێنان و پاڵپشتیكردنی ئەو هێزانە دەكاتەوە كە لە عێراق و سووریا شەڕی دژی داعش دەكەن و دەڵێت، "سەرەڕای بارودۆخە پڕ لە ئاستەنگەكە، پابەندبوونی تەواوی خۆمان دووپاتدەكەینەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە تێكشكاندنی یەكجاریی داعش. جەخت لە گرنگی هێشتنەوە و تەرخانكردنی كەرەستەی سەربازی و ئامرازی پێویستی سڤیل دەكەینەوە بۆ هێشتنەوەی پێگەی بەهێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و سەركەوتن بەسەر داعشدا لە عێراق و سووریا و پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەكانمان. ئەمە بەردەوامیدان بە راهێنان، راوێژدان و پاڵپشتیكردنی ئەو هێزە هاوبەشە یاساییانەش دەگرێتەوە كە لە ناوچەكەدا شەڕی داعش دەكەن". وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەشدەكات، لە پاڵپشتیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و جەخت لە گرنگی هەوڵەكانی تایبەت بە سەقامگیریش لەو ناوچانە دەكاتەوە كە پێشتر لە عێراق و سووریا لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون و داوا لە ئەندامەكانی دەكات لەبواری مرۆییەوە یارمەتی ئەو خەڵكە بدەن كە پێویستیان پێیەتی.