سلێمانی؛ چلەی ماتەمینی عیزەدین مستەفا رەسوڵ بەڕێوەچوو

97 جار خوێندراوەتەوە کات07:12 بەروار15-11-2019
سلێمانی؛ چلەی ماتەمینی عیزەدین مستەفا رەسوڵ بەڕێوەچوو

راچڵەكین-

لە شاری سلێمانی، مەراسیمی چلەی ماتەمینی بۆ پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ سازكرا.

ئەمڕۆ هەیینی 15-11-2019 لە شاری سلێمانی، مەراسیمێك بۆ چلەی پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ سازكرا.

پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە ساڵی 1934 لە گەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایكبووە.
 
پرۆفیسۆر عیزەدین سەرەتا لای باوكی لە مزگەوتەكەی خۆیان "مزگەوتی حاجی مەلا رەسوولی دێلێژە" دەست بەخوێندن دەكات، ساڵی 1939 وەكو گوێگر و پاشان قوتابی لە قوتابخانەی "غازی" دەست بەخوێندن دەكات.
 
ساڵی 1948 بووەتە ئەندامی حیزبی شیوعی و  ساڵی1951 لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، ساڵی 1952 بەشداری راپەڕینی ئەو ساڵە بووەو برینداربووە لە بەغدا، بەهۆی بەشداریكردنی لە راپەڕینەكەدا لە كۆلێژ دەركراوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە بەڕێوەبەرایەتی مەلاریا بە ناونیشانی كرێكار دامەزرێندراوە. 
 
ساڵی 1959 خانەی بەرزی مامۆستایانی لە بەغدا تەواوكردووە.
 
یەكێك بوو لەو قوتابیانەی لەسەردەمی عەبدولكەریم قاسم، نێردراوەتە یەكێتی سۆڤیەت بۆ خوێندن. لەگەڵ كەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چووەتە باكۆ لە ئازەربایجان، 24-6-1963 پلەی دكتورای وەرگرتووەو پاشان بە داوای حیزبی شیوعیی عێراق چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتیكردنی رادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق.
 
ساڵی 1967 ژیانی خێزانی پێكهێناوە لەگەڵ مامۆستا رووناك مەحموود ساڵح رەشەدا، بەرهەمی ئەم هاوژینییە سێ منداڵن. 
 
ساڵی 1979 چووەتەوە بۆ مۆسكۆ، لەوێ درێژەی بە خوێندن داوە و پلەی دكتۆراو پرۆفیسۆری وەرگرتووە.
 
لە ساڵی 1992 بووە ئەندام لە یەكەم خولی پەرلەمانی باشووری كوردستان لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، بەڵام وەك كەسێكی بێلایەن تاوەكو ساڵی 2005.
 
پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا یەكێكە لە دامەزرێنەكانی یەكێتیی نوسەرانی كورد، كە ژمارەیان 11 كەس بوو، یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی بە قەڵەمی ئەو نووسراوە، ساڵی 1969 مۆڵەتیان وەرگرتووە و جەمال بابان كراوەتە سەرۆكی دەستەی دامەزرێن، بەڵام دوای گەڕانەوەی نووسەرانی شاخ پاش بەیاننامەی 11ی ئازار، ئەم دەستەیە هەڵوەشێندراوەتەوەو لە بەغدا هەڵبژاردن كراوە، پرۆفیسۆر عیزەدین بە كۆی 63 دەنگ بووەتە سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد. 
 
86 بەرهەمی ناوازەی سەرەتای نووسینی لە رۆژنامەی دیوارەوە دەستپێكردووە، كاتێك خوێندكاربووە لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لە مەكتەبی فەیسەڵییە دوای ئەوە كەوتووەتە نووسینی هەندێك بابەتی سیاسیی رۆژانە، كە لەخانەی بەرزی مامۆستایان وەرگیراوە، بووەتە رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئەهالی، پاش داخستنی گۆڤارەكەش گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە گۆڤاری ژین بابەتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.
 
پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوول، لەساڵی 2009 خەڵاتی بلەی بۆ كەسایەتیی ساڵ لە بواری ئەدەبدا وەرگرتووە. لە 3ی 10ی 2019 لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد.