لە ئێران خۆپیشاندانە

111 جار خوێندراوەتەوە کات08:25 بەروار15-11-2019
لە ئێران خۆپیشاندانە

راچڵەكین-

لەژمارەیەك شاری كۆماری ئیسلامی ئێران، لەدژی گرانكردنی نرخی بەنزین، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

ئێران نرخی بەنزینی گرانكرد و دابەشكردنیشی سنوورداركرد، بەجۆرێك لەئێستادا  نرخی هەر لیتر بەنزین كە تاوەكو ئێستا هەزار تمەن بوو، كرایە سێ هەزار تمەن. 
 
لە شارەكانی ئەهواز، شیراز، بەندەرعەباس، ماهشەهر و چەند شوێنێكی تارانی پایتەختی ئێران خۆپیشاندان دژی زیادكردنی نرخی بەنزین بەڕێوەدەچێت و لە چەند شوێنێكیش رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان روویداوە.
 
حكومەت مانگانە بەشێوەیەكی سنووردار بەنزین بە نرخی هەزار و 500 تمەن دەداتە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە كارتی سووتەمەنییان هەیە. ئۆتۆمبێلی تایبەت كە تەنیا بە بەنزین كار دەكەن مانگانە 60 لیتر و ئەوانەش كە بە گاز و بەنزین كار دەكەن، مانگانە 30 لیتریان بە هەزار و 500 تمەن پێدەدرێت. 
 
لەبەرامبەردا حكومەتی تاران دەڵێت، ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی بەنزین بۆی دەمێنێتەوە، لە هەفتەی داهاتووەوە بەشێوەی مانگانە بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی كەمداهات، خەرجی دەكات.