ئازاد تۆفیق: داهاتی دەروازە سنوورییەكانی پشتە و تەوێڵەدەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تەنیا تەپوتۆزەكانیان بۆ هەڵەبجەیە

451 جار خوێندراوەتەوە کات08:49 بەروار02-12-2019
ئازاد تۆفیق: داهاتی دەروازە سنوورییەكانی پشتە و تەوێڵەدەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تەنیا تەپوتۆزەكانیان بۆ هەڵەبجەیە

راچڵەكین-

پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، داهاتی دەروازە سنوورییەكانی پشتە و تەوێڵەش دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و تەنیا تەپوتۆزەكانیان بۆ هەڵەبجەیە.

ئازاد تۆفیق،  لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" دەبێ ئەنجوومەنی پارێزگا وەكو هەموو حكومەت و ئەنجوومەنەكانی دیكە رۆژێكی بۆ هەڵبژاردن هەبێ، بەڵام ئەمە نییە، دەبێ لایەنەكان رێكارێكی دیكە بدۆزنەوە، رێكارەكەش دابەشكردنی 25 كورسی ئەنجوومەنە لەنێوان خۆیاندا، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەمەیان نەكردووە، بۆیە كێشەكە سیاسییە نەك ئیداری".
 
لەبارەی كێشەكانی پارێزگای هەڵەبجە، دەڵێت:" "ئێمە كێشەی دامەزراندنمان هەیە، ئەگەر كەسێك خانەنشین یان فەسڵ بكرێ دوای 15 خوولەك حكومەت فەرمانەكەی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام دوای ساڵێكیش كەسێك لە شوێنی دانامەزرێنێت. هەڵەبجە پێویستی بەوەیە تاوەكو سێ مانگی دیكە 500 فەرمانبەری بۆ دابمەزرێت و هەروەها ساڵانە 10 ملیۆن دۆلار لە دەرەوەی هەموو بودجەكان بۆ هەڵەبجە تەرخانبكرێت، چونكە برینی هەڵەبجە بە دابینكردنی پارەیەكی دیاریكراو چارەسەر نابێت". وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
لەبارەی مامەڵەی حكومەتی عێراق لەگەڵ ئەو پارێزگایە، پارێزگاری هەڵەبجە ووتی:"ئەگەر كیمیابارانی هەڵەبجە نەبوایە دەبوو ئێستاش سەركردەكانی ئێستای عێراق لە هۆتێلەكانی ئەوروپا و ئێران بخەون، بەڵام حكومەتی عێراق وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا ناكات، یاداشتمان بە سێ سەرۆكایەتییەكە داوە و گوتوومانە: ئیدی بەسە و دەبێ لە بودجەی ساڵی 2020 هەڵەبجە پارێزگای ژمارە 19ـی عێراق بێ".
 
پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشكرد:" حكومەتی هەرێمی كوردستان ملیۆنێك دۆلاری بۆ هەڵەبجە تەرخانكردووە، كە بۆ رێكخستنەوەی شوێنی پیشەوەرانی تەرخاندەكرێت، هەروەها حكومەت رەزامەندی داوە لەسەر تەرخانكردنی هەشت ملیۆن دۆلار بۆ دروستكردنی پردی تووەقوت دابینبكەین."