پێدۆفیلیا و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ.. پەتایەکی بێدەنگی ئەم سەردەمە

387 جار خوێندراوەتەوە کات10:19 بەروار02-12-2019
پێدۆفیلیا و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ.. پەتایەکی بێدەنگی ئەم سەردەمە

ڕاچڵه‌كین-هه‌ڤین كه‌مال 

- دکتۆر دەتوانیت پشکنینی ئەم منداڵەشم بۆ بکەیت ؟ 
- بەسەرچاو 
دوای پشکنین ، پزیشکەکە بەسەر سوڕماوی بە ڕوخسارێکی پەشۆکاوەوە سەیری دایکی منداڵەکە دەکات و دەڵێت : 
ئەم کوڕە لای خۆتانە ؟ دەچێتە دەرەوە ؟ لای کەس بەجێدەھێڵن ؟ 
- نەخێر دکتۆری بەڕێز ، بۆ ئەو شتانە دەپرسیت ؟ 
- لەبەرئەوەی جۆرە بالوکەیەکی ھەیە لە دەوری کۆمی تەنیا بە بەرکەوتنی سێکسی دروست دەبێت .
دوای کەمێک مشت و مڕ و گفتوگۆ لەنێوان پزیشکەکەو دایکەکە، لە کۆتایدا دایکەکەکە دان بە ڕاستیەکەدا دەنێت و دەڵێت : دکتۆر باوکی ئەم منداڵە لە ڕووی دەروونیەوە تەواو نیە، حاڵەتێکی ھەیە کە توڕە دەبێت بەم منداڵەوە دەیگرێت و دەیباتە ژوورێکەوەو کاری خۆی لەگەڵ دەکات . 
- ئەی باشە تۆ چۆن ڕازی دەبیت ، چۆن بێدەنگ دەبیت لە بەرامبەر ئەو تاوانە ؟ - دکتۆری بەڕێز من دەترسم ، حەیا و ئابڕۆمان دەچێت قسە بکەم ، ئەی ئەو وازمان لێبێنێ یان بگیرێت کێ بە خێومان بکات ! 

ئەم گفتوگۆیە سینارێۆی فلمێکی ھۆلێۆد نیە، دیمەنێکیش نیە لە زنجیرەیەکی درامای تورکی ، تێکستی چیرۆکێکی بیانیش نیە ، گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی نێوان دکتۆرێک و دایکێکی کوردی ئەم کۆمەڵگایەیە ، نەک ئەمەش بە چەندین شێواز دووبارە دەبێتەوە لەشوێنی جیا جیادا . 

پیدۆفیلیا یاخود دەستدرێژکردنی سێکسی بۆ سەر منداڵ یەکێکە لە ھەرە ترسناکترین کێشە تەندروستی و ئەخلاقیەکانی کەھەڕەشە لە کۆمەڵگای نوێی و مۆدێرن دەکات .وەکاریگەریەکی ڕووخێنەری ھەیە لەسەر منداڵ ، لە ڕووی دەروونی و ھەم فسێۆلۆژی ، کاریگەریەکەشی درێژخایەن دەبێت لەسەر ژیانی .

کێشەی سەرەکی ئەم حاڵەتە تۆقێنەرە ئەوەیە کەیەکێکە لەو دیاردانەی باسکردنی بڤەیە لە کۆمەڵگادا و ھەمیشە کە باسێکی لەو شێوەیە دێتە پێش ھەموو بێدەنگ دەبن لە ئاستی، زۆربەی جار ھۆکارەکەی ئەوەیە کە منداڵە قوربانیەکە باسی ناکات بۆ کەسوکاری ئیتر ئایە لەترسا بێت یاخود لەنەزانییەوە ، ھەندێک جاریش ئەگەر کەسوکارەکە بشزانن کە شتێکی وا ڕوویداوە لەبەر عەیبە و نەریت و کلتوور باسی ناکەن . 

بە پێی توێژینەوەیەکی جیھانی کە تازە بڵاوکراوەتەوە، ( منداڵێک لە ھەر چوار منداڵی کچدا ئەگەری دەستدرێژی سێکسی ھەیە بۆ سەری، وەئەمەش بۆ منادڵی کوڕ بەھەمان شێوەیە بەڵام ڕێژەکە کەمترە، کەبریتییە لە منداڵێک لە ھەر شەش منداڵی کوڕدا ) ، ھەر ئەم ڕێژانەش وایلێدەکات لەحاڵەتەوە ببێت بە دیاردە یاخود پەتایەکی بێدەنگ (silent epidemic) ی ترسناک . 

توێژینەوەیەکی تر لەسەر ئەم بابەتە دەڵێت ڕێژەی لە ٤٠٪ لە دەستدرێژکەرە سێکسیەکان یاخود پیدۆفیلەکان لە ئەندامی خێزانی منداڵە قوربانیەکەن، یاخود لەبازنەی نزیکی قوربانیەکەن . ھەروەھا بە ڕێژەی لە ٤٠٪ ی تر دەستدرێژکەر منداڵی لە قوربانیەکە گەورەترن ھەم لە تەمەن و ھەم لە ڕووی جەستەوە و لەوانەیە ھاوڕێیان بن، کەزۆر جار لەم حاڵەتەدا دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی لەگەڵ یەکدا دەبن . 

لەم دواییەدا زۆر توێژینەوە کراوە لەسەر ئەوەی ئایا بۆ دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر منداڵ ڕوو لە زیادبوونە لەگەڵ ھەموو ئەو ھۆشیاری و باسکردن و توێژینەوانەی دەکرێت لەسەر ئەم بابەتە لە ھەموو جیھاندا ؟

بەکورتی چەند ھۆکارێکی گرنگ ھەیە، یەکێک لەوانە: منداڵەکە لەوانەیە ئەو ھەستەی ھەبێت کە باوانی باوەڕی پێنەکەن ، چونکه‌ بێنراوە لە ٣٠٪ لەباوان بڕوا بە منداڵەکانیان ناکەن لەبارەی دەستدرێژی سێکسیەوە، بەڵکو واتێدەگەن ھەڵە تێگەشتنی منداڵەکەیە. 

ئەمه‌ بۆ ئەو منداڵانەی کەتەمەنیان گەورەترە و لە سەرەتایی ھەرزەکاریدان و تێدەگەن کەچی ڕوودەدات لەگەڵیاندا، ھەندێک لەوانە ھەست بە ئازاری ویژدان دەکەن و لەوانەیە خەتاکە بگەڕێنەوە بۆ خۆیان و ئەو ھەستەیان لا دروست دەبێت کە دیارە شتێکی ھەڵەیان کردووە بۆیە ئەو شتە ڕوویداوە ! کەئەمەش ئەو ھەرزەکارە دەخاتە بارێکی دەروونی خراپ و ناھەموارەوە . ھەستی شەرم و خۆبەکەم زانینی لا دروست دەکات بەتایبەتی لە کۆمەڵگا محافز و داخراوەکاندا . 

ھەندێک جار دەستدرێژکەرەکە ئەو ھەستی خۆبەکەم زانین و ئازاری ویژدان دەچێنێت لە دەروونی قوربانیەکەدا، کەئەمیش حاڵەتێکی زۆر ترسناکەو ھەندێک جار وا لە قوربانیەکە دەکات پەنا بەرێت بۆ خۆکوشتن . 

ھەندێکی تر لەو قوربانیانە باسی ناکەن لەبەرئەوەی دەزانن ئەگەر خێزانەکانیان باوەڕیشیان پێبکەن دەرئەنجام و ئاکامەکەی ھەم لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە وھەم لە ڕووی دەروونیەوە باش نابێت، بەتایبەت ئەگەر دەستدرێژکەرەکە ئەندامێکی خێزانەکە بێت یاخود کەسێکی نزیک کە کارەساتەکە دەکات بە دووھێندە و شورەیی و حەیا چوون دەھێنێت بۆ ھەموو خێزانەکە . 

بۆ ئەوەی زیاتر ھۆشیار بین لەسەر ئەم بابەتە، پێویستە ھەندێک زانیاری ھەیە بیزانین لەبارەی ئەو نیشانە دەروونی و جەستەییانەی دەردەکەون لەسەر ئەو مناڵانەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن . ڕابیتەی نەتەوەیی بەریتانی بۆ یارمەتی ئەو کەسانەی تووشی دەستدرێژیکردن بوون لە منداڵیدا (NAPAC) بەرچاو ڕوونیمان دەداتێ لەسەر ئەو نیشانانەی لە ھەڵسووکەوتی منداڵەکەدا دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان ئەمانەن لە لایەنی سایکۆلۆژی و دەروونیەوە : 

1- منداڵەکە لەماڵەوە بەتەنیا دەمێنێتەوەو حەز بە تەنیایی دەکات ، وھەوڵ دەدات دوور کەوێتەوە لە یەکێک لەئەندامانی خێزانەکە یاخود ھاوڕێی خێزانەکە یاخود مامۆستایەک بە تایبەتی، یاخود لە کەسێکی دیاریکراو دەترسێت و خۆی لادەدات لە مامەڵەکردن لە گەڵیدا . 

2- لەوانەیە منداڵەکە ھەندێک ھەڵسووکەوتی سەیر ئەنجامبدات، کەھەندێک ئیحائی سێکسی تیا بێت یاخود ووشەی سێکسی نەشیاو بەکاربێنێت لە کاتی گفتوگۆ و قسەکردندا کەپەیوەندی ھەبێت بە مومارەسەی سێکسەوە، یاخود ھەندێک زانیاری سێکسی دەزانێت کە گونجاو نیە لەگەڵ تەمەنەکەی و عەقڵی دا . 

3- کاتێک منداڵەکەت باس لەوە دەکات کە کەسێک بەشێوەیەک دەستی بردووە بۆ شوێنە ھەستیارەکانی، یاخود خۆیی بەشێوەیەکی نەگونجاو دەست دەبات بۆ شوێنی ھەستیاری دەوروبەری . 

4- کاتێک منداڵەکە بە بەردەوامی خەمۆکەو ھەست بە پشێوی دەروونی و قەلەقی دەکات بێ ھۆکارێکی دیاریکراو، و ھەمیشە باسی خۆبەکەم زانین دەکات . 

5- ھەندێک گۆڕان لە خوەکان و نەریتەکانی بۆ نموونە لە عادەتی خۆشتن و پاکوتەمیزی دا، ئەو منداڵانەی تەمەنیان کەمە نایەنەوێت خایان بشۆن، ئەو منداڵانەی تەمەنیان گەورەترە بە بەردەوامی دەیانەوێت خۆیان بشۆن وەکو جێگرەوەیەک بۆ ئەو پیسییەی لە ناخیاندا ھەستی پێدەکەن و دەیانەوێت پاک بنەوە لێی، کەئەمەش ئیحراجیان بۆ دروست دەکات لەنێۆ خێزانەکانیاندا .

ھەندێک نیشانەش ھەیە کەلەسەر جەستەی منداڵەکە دەردەکەوێت لە وانەش : 
1- ئاوسان و ھەوکردن لەشوێنە ھەستیارەکانی وەکو کۆئەندامی زاوزێ و دەم .
2- بوونی ھەندێک دەردراو زەرداوی نائاسایی لە ئەندامە ھەستیارەکانی منداڵەکەدا . 
3- تووشبوون بە ھەندێک جۆری نەخۆشی سێکسی و بالوکە و سووربوونەوە لە دەوری ئەندامە ھەستیارەکانی منداڵەکە کە تەنیا بە ڕێگەی سێکسەوە دەگوێزرێتەوە . 
4-ھەندێک جار دروستبوونی دووگیانی و حەمل لە منداڵی کچ دا . 
5- دروستبوونی ھەندێک شینبوونەوەو سوربوونەوە لە ئەنجامی ڕاکێشان و عەزێت دانی منداڵەکە بۆ ئەنجامدانی سێکس بێ ویستی خۆی . 
6-بوونی خوێن یاخود سیمین (سپێرمی پیاو ) بە جلی ژێرەوەی منداڵەکەوە . 
7- بوونی ئازار بەبێ ھۆکارێکی دیاریکراو لە ئەندامی زاوزێی منداڵەکەدا، یاخود ئاوسان و شینبوونەوەو خوێن بەربوون، کەلەوانەیە بەھۆی پێکانی ئەو ناوچانەوە ئازاری بۆ دروست بێت لە کاتی ڕۆشتن و جوڵانەوەدا . 
8- تێکچوونی باری تەندروستی منداڵەکە وەکو سوتانەوەو کزانەوە و خوران لەناوئەندامەکانی زاوزێی منداڵەکە، توشبوون بە ئیلتیھابی بەردەوامی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ .
9- گۆڕان لەباری دەروونی منداڵەکەو پەیداکردنی ھەندێک خوو کە نیشانەیە بۆ پشێوی دەروونی منداڵەکە وەکو : پەنجە مژینی زۆر ، نینۆک خواردن ، میزکردن بەخۆیاندا بە تایبەتی کاتی شەو . 

ئەو کاریگەرە دەروونیانە چین کەلەسەر منداڵێک دروست دەبێت کە دەستدرێژی سێکسی یان گێچەڵی سێکسی بۆ سەربکرێت ؟

ئەو منداڵانەی تووشی دەستدرێژی سێکسی دەبن لەڕووی دەروونیەوە ناجێگر دەبن و کاریگەری دەمێنێت لەسەریان ھەتا تەمەنی لاوی و پیریشیان، گرنگترین کاریگەریە دەروونیەکانیش ئەمانەن : 

1-کاریگەری سۆزداری و پشێوی ھەستەکان لەلای ئەو منداڵانە، دەبنە قوربانی توڕەبوون و قەلەقی و غەم و خۆبەکەم زانین . 

2- تووشی ھەندێک حاڵەتی دەروونی دەبن، وەکو خەمۆکی، تێکچوونی ئارەزووی خۆراک کە لەوانەیە ببێتە ھۆی قەڵەوی یاخود بە پێچەوانەوە . توشبوون بە جۆرێک لە گرژ بوونی باری دەروونی کەپێی دەگوترێت (PTSD) کەلەدوای شۆکێک یاخود کارەساتێکی ناخۆش توش دەبن و حەز دەکەن ئازار بە جەستەی خۆیان بگەیەنن .

3-کەم خەوی و بیرکردنەوەی ناخۆش و کابوس لەئەنجامی ئەو یادەوەرییە ناخۆش و تاڵانەی بۆیی دروست بووە . 

4- تێکچوونی پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵەکە، کەبەڕێگایەکی نەرێنی کاردەکاتە سەر پەیوەندیەکەیان . 

5- دروستبوونی کێشە لەخوێندن و گیروگرفتی دڕەنگ تێگەشتن، وکەمبوونەوەی نمرەو تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ مامۆستا و قوتابیەکاندا . 

6-لەوانەیە ئەمجۆرە منداڵانە ببن بەخاوەنی سروشتێکی توند و توڕە لە کۆمەڵگادا و دوور نیە لە دواڕۆژدا ببن بە تاوانبار و کەسانی ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر و پیاوکوژ .

7- ئەو ھەرزەکار و منداڵانەی تووشی دەستدرێژی سێکسی بوون، ئەگەری خۆکوشتن و کۆتایھێنانیان بەژیانی خۆیان ھەیە بە ڕێژەی (٧-١٣) جار زیاتر لە خەڵکانی ئاسایی .

کاتێک دەزانیت منداڵەکەت ئەگەری دەستدرێژی سێکسی ھەبووە بۆ سەری ، چیبکەیت باشە ؟

1- پێش ھەمووشتێک دەبێت دڵنیابیتەوە لەو ئەگەرە، ئەویش بە بردنی منداڵەکەت بە زووترین کات بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ و پشکنینی ئەندامە ھەستیارەکانی . 
2-دوای دڵنیابوونەوە ، پێویستە ڕای پزیشکی دەروونی و توێژەری کۆمەڵایەتی وەربگریت، بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکەت لە ڕووی دەڕوونی و سایکۆلۆژیەوە .
3- بەزووترین کات ئاگاداری پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار بکە و شکات لە دەستدرێژکەرەکە بکە ئەگەر نزیکترین ئەندامی خێزانەکەشت بێت، چونکە بە شاردنەوەی ئەو زانیارییانە ڕێگە دەدەیت مرۆڤێکی دەروون نەخۆش قوربانیەکانی زیاد بکات لەنێو کۆمەڵگا دا، و ھەم بەشداری دەکەیت لە تاوانێک دژ بە منداڵان و ھەرزەکاران و دواڕۆژی کەسێک بۆ ھەتا ھەتایە .

لەچ خێزانێک دا ئەگەری ئەم دەستدرێژیانە زیاد دەکات ؟

1- ژیان لەماڵێکدا کە باوانەکە بەجیا دەژین و لێک جیابوونەتەوە، یاخود ژیان لەگەڵ باپیر و داپیرەیەکی پیردا کەڕێخۆشکەرە بۆ ئیستغلالکردنی منداڵەکە لەلایەن کەسانی دەرەکییەوەو بوونی شەڕ و ئاژاوەی خێزانی . 

2- ژیان لە گوند و ناوچە دوورەکان و خێزانە کەم دەرامەتەکان . 

3- مانەوە بە تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر ، بە تایبەتی لە و شوێنانەی کە کەسی بە دەسەڵاتی تیادایە و بەئاسانی کۆنتڕۆڵی منداڵەکە دەکات ، وەکو مامۆستا ، مەلای مزگەوتەکان ، حاخام و کاھنەکان لەکەنیسەکان ، ڕاھێنەری وەرزشی و دادە و بەخێوکەرەکان لە ماڵەوە . 

4- بوونی ھاوڕێی بۆ منداڵەکە کەجیاوازی تەمەنیان زۆر بێت و کۆنتڕۆڵکەر بن . 

5- منداڵە کەمئەندام و بیرکوڵەکان بەتایبەتی کچان، بە ڕێژەیەکی زۆرتر دووچاری ئەم دەستدرێژیە دەبن . لەوانەیە لەنێو منداڵان خۆیاندا ڕووبدات کە یەک تەمەن بن و لەنێوان ھەردوو ڕەگەزەکە و لەھەمان ڕەگەزیشدا . 

لەڕاستیدا ئەم بابەتە زۆر گرنگ و زۆر ھەستیاریشە، ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەبارەوەی ئەرکی سەرشانی ھەموومانە. 

توێژینەوەیەک دەڵێت کۆمەڵگا ڕۆڵێکی گەورەیی ھەیە لە بەشداریکردنی زیادکردنی ڕێژەی ئەم جۆرە دەستدرێژیانە، ئەویش بەو پەردەپۆش کردن و شاردنەوەی ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەم دیاردەیە لەبەر عەیبە و شورەیی و نەریت و کلتوور . ھەروەھا وادەرخستنی ئەوەی کە ئەمانە تەنیا چەند حاڵەتێکی کەمن لەناو کۆمەڵگادا، و ھێشتا نەبوون بە دیاردە بەمەرجێک ڕاستیەکە وانیە و پیدۆفیلیا لە کۆمەڵگای مۆدێرنەدا خەریکە لەحاڵەتەوە ببێت بە دیاردە . 

باوانەکان دەبێت کراوەو بەجەرگ بن و بتوانن دان بە ڕاستیەکاندا بنێن و بە ئازادی قسە لەگەڵ منداڵ و ھەرزەکارەکانیاندا بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە ڕاستگۆیی و بێترس کێشەکانی خۆیانیان بۆ باس بکەن و ناچار نەبن پەنا بۆ کەسی دەرەکی ببەن بۆ چارەکردنی کێشەکانیان . پێویستە یاسایەک ھەبێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە بکات کە دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان، و ھەندێک جار لەوانەیە پێویستیان بە چارەسەری دەروونیش ھەبێت کە ئەمەش یارمەتی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەم تاوانە دەدات لە کۆمەڵگادا . 

پێویستە ھۆشیاری لەسەر ئەم بابەتە لە قوتابخانە و شوێنە ئاینیەکان و یانە وەرزشیەکاندا بە تاکەکانی کۆمەڵگا بوترێت و خولی تایبەت بکرێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری سێکسی و تەندروستی و جەخت کردنەوە لەسەر سەلامەتی دەروونی و جەستەیی تاکی کۆمەڵگاکەمان .