سەعدی پیرە: پێویستە بارودۆخی گه‌نجان ڕه‌چاو بكرێت تا ناچارنه‌بن رێگه‌ی هه‌نده‌ران بگرنه‌ به‌ر

111 جار خوێندراوەتەوە کات06:37 بەروار08-12-2019
سەعدی پیرە: پێویستە بارودۆخی گه‌نجان ڕه‌چاو بكرێت تا ناچارنه‌بن رێگه‌ی هه‌نده‌ران بگرنه‌ به‌ر

راچڵەکین-

سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، هه‌رچه‌نده‌ هه‌رێم له‌ڕوی سه‌روه‌ری خاكه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت نیه‌، به‌ڵام رۆڵی زیاتری بینیوه‌ له‌ده‌وڵه‌ت، پێویستیشە بارودۆخی گه‌نجان ڕه‌چاو بكرێت تا ناچارنه‌بن ڕێگه‌ی هه‌نده‌ران بگرنه‌ به‌رو وڵات جێبهێڵن.

له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 8-12-2019‌، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، " له‌دوای ده‌ستپێكردنی هێرشی داعش ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره‌ رووی له‌هه‌رێم كرد ئه‌م باوه‌شكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئاواره‌كان له‌روی مرۆڤایەتییەوە ئه‌وه‌مان نیشانده‌دات كه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌رێم له‌ڕوی سه‌روه‌ری خاكه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت نیه‌، به‌ڵام رۆڵی زیاتری بینیوه‌ له‌ده‌وڵه‌ت".

سه‌باره‌ت په‌یامی 100 ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ڕایگه‌یاند" پرۆژه‌یاسای چاكسازی نێردراوه‌ له‌نێوان په‌رله‌مان وحكومه‌ت گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام باردۆخی عێراق وانه‌یه‌كی باشمان فێرده‌كات كه‌ كاری جدی بۆ چاكسازی بكرێت".

وتیشی، "له‌گه‌ڵئه‌وه‌داین كه‌ دۆخه‌كه‌ ئارامی به‌خۆوه‌ ببینێت وبگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی ئاسایی خۆی، داواكاری و هه‌نگاوه‌كانی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێبكرێن و كێشه‌و ناكۆكیه‌كانیش چاره‌سه‌ربكرێن".

وتیشی، " خه‌ڵكی كوردستان مافی خۆیانه‌ به‌و قوربانیانه‌ی له‌رابردوودا داویانه‌، ژیانێكی شایسته‌یان پێشكه‌ش بكرێت، ئه‌مڕۆ ئه‌و رۆژه‌یه‌ ده‌بێت قه‌ره‌بووی خه‌ڵك بكرێته‌وه‌، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌شیان به‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ بارودۆخێكی ئه‌منی و پاراستنیان له‌هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیان بۆ بڕه‌خسێنین و هه‌لیكارو قوتابخانه ‌و ته‌ندروستییان بۆ دابین بكه‌ین و به‌شداربن له‌جه‌مسه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵات و  بارودۆخی گه‌نجان ڕه‌چاو بكرێت تا ناچارنه‌بن ڕێگه‌ی هه‌نده‌ران بگرنه‌ به‌رو وڵات جێبهێڵن".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، "له‌و حكومه‌ته‌ هاوبه‌شی نیشتمانیه‌ی ئێستا هه‌مانه‌، به‌پارتی و گۆڕان و یه‌كێتی هه‌مووان هاوبه‌شن كار كراوه، به‌ڵام پێویسته‌ كاری زیاتریش بكرێت".

سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا، سه‌عدی پیره‌ ڕایگه‌یاند" وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم له‌په‌یوه‌ندی وگفتوگۆی به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌تایبه‌ت كێشه‌كانی بودجه ‌و ئه‌و قه‌رزانه‌ی عێراق ده‌یانكات و موچه‌و ئیستحقاقی پێشمه‌رگه‌و ماده‌ی140 و هه‌موو كێشه‌كانی دیكه"‌.

وتیشی، " دوو لیژنه‌ی فه‌رمی پێكهاتوه‌ كه‌ یه‌كێكیان په‌یوه‌ندی به‌كێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌و قه‌رزه‌وه‌ هه‌یه‌و چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامداوه‌، بڕیاریشه‌ هه‌رێم ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ست بكات و له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ڕه‌وانه‌ بكات".