پنتاگۆن: هەرگیز پەیمانمان بە كورد نەداوە بەرامبەر توركیا بیانپارێزین

454 جار خوێندراوەتەوە کات10:54 بەروار08-12-2019
پنتاگۆن: هەرگیز پەیمانمان بە كورد نەداوە بەرامبەر توركیا بیانپارێزین

راچڵەکین-

وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، هەرگیز پەیمانمان بە كورد نەداوە لە بەرامبەر سوپای توركیا، كە 70 ساڵە ئەندامی پەیماننامەی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە بیانپارێزین.

مارك ئێسپەر، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ یەكشەممە لەمیانی لێدوانێكدا لە ویلایەتی كالیفۆرنیا سەبارەت بە مانەوەی ژمارەیەك سەربازی وڵاتەكەی لە باكوری سوریا رایگەیاند "سەربازانمان لە باكوری سوریا بە مەبەستی روبەڕوبوونەوەی داعش دەمێننەوە و هەرگیز پەیمانمان بە كورد نەداوە بەرامبەر توركیا كە 70 ساڵە ئەندامی ناتۆیە، بیانپارێزین".

ئێسپەر وتی " لەگەڵ ئەواندا پێكەوە دژ بە داعش جەنگمان كرد و خوێنمان رشت، ئێمە لەبەر هاوپەیمانیەكانمان چوینە ئەو شوێنە، بە دڵنیاییەوە زۆرینەی ئەو شوێنانەی لەژێر ركێفی داعشدا بوون لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)وە كۆنترۆڵكرا و ئەوان ژمارەیەكی زۆر شەڕڤانیان لەدەستدا".

سەبارەت بە داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوا ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە پێمانوایە توركیا بەو هێرشانەی زیان بە پێگەی خۆی دەگەیەنێت، پەلاماردانەكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر باكوری سوریا بە هەڵە دەبینین چونكە دەبێتە هۆی هەڵهاتنی زیندانییەكانی داعش لەو ناوچەیە و دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی".

راشیگەیاند، " تا ئێستاش لەنزیكەوە لەگەڵ هەسەدە كاردەكەین و هەماهەنگییەكانمان دەپارێزین".