ماوەی دەستووری راسپاردنی سەرۆكوەزیرانی نوێی عیراق لەلایەن سەرۆككۆمارەوە كۆتایی دێت

135 جار خوێندراوەتەوە کات03:55 بەروار14-12-2019
ماوەی دەستووری راسپاردنی سەرۆكوەزیرانی نوێی عیراق لەلایەن سەرۆككۆمارەوە كۆتایی دێت

راچڵەكین-

بەگوێرەی ئەو وادەیەی لەماددەی 76ی دەستوری عیراقدا هاتووە، ئەمڕۆ ئەو 15 رۆژە كۆتایی دێت كەدیاریكراوە بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیرانی نوێی عیراق دوای دەستلەكار كێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، لەپؤ ستەكەی.. تائێستاش هیچ كەس بەشێوەی فەرمی بۆ ئەو پۆستە دیاری نەكراوە.

رۆژی 29ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەستلەكاركێشانەوەی خۆیی و كابینەكەی راگەیاند، دواتر لەلایەن محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراقەوە، د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆككۆمار راسپێردرا لەماوەی 15 رۆژدا، كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران راسپێرێت، بەڵام تائێستا نە سەرۆككۆمار وەنە لایەنە سیاسییەكانی عیراق نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ دەستنیشاكردنی كەسێك بە پێكهێنانی كابینەی نوێ.

محەمەد ئەلغەزی، سەرۆكی لیژنە یاسایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە:" لەئەستۆگرتنی ئەركەكانی سەرۆكوەزیرانی عیراق لەلایەن د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆككۆماری عیراق یەكێكە لەو سیناریۆیانەی كاری پێدەكرێت ئەگەر هاتوو تا تەواوبوونی ئەو ماوە دەستورییەی دیاریكراوە، كەسێك بۆ لەئەستۆگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق رانەسپێردرێت."

ئەلغەزی، دەڵێت:" بەپێی دەستوور، ئەگەر هاتوو سەرۆككۆماری نەیتوانی لەماوەی 15 رۆژدا كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەستنیشان بكات، ئەوا خۆی ئەو ئەركە لەئەستۆ دەگرێت تا ئەو كاتەی سەرۆكوەزیرانی نوێ دەستنیشان دەكرێت."

لەئێستادا چوار كەس ناویان دەهێندرێت بۆ لەئەستۆگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئەوانیش ( محەمەد شەییاع سودانی- وەزیری پێشوو، عەبدولحسێن عەبتان- وەزیری پێشوو، مستەفا كازمی- بەڕیوچەبەری دەزگای هەواڵگری و ئەسعود عیدانی- پارێزگاری بەسڕە).

باسكردن لەو ناوانە لەكاتێكدا دێت شەقامی خرۆشاوی عیراق لەناوەڕاست و باشور جەختلەوەدەكەن كە پێویستە سەرۆكوەزیرانی نوێ كەسێك بێت لەدەرەوەی ناوەندی حوكمڕانی لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا. 

سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، خۆپیشاندانی بەرفراوان لەزۆربەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق سەریانهەڵدا كە تیایدا خۆپیشاندەران داوای كۆتایی هێنان بە گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزاری و ژیانێكی شیاو دەكەن، هەرچەندە بەهۆی كاریگەری خۆپیشاندانەكانەوە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام هێشتا گڕوتینی خۆپیشاندانەكان دانەمركاونەتەوەو خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستمی حوكمڕانی لەعیراقدا دەكەن.