د. بەرهەم ساڵح تۆپەكەی خستەوە گۆڕەپانی پەرلەمان

181 جار خوێندراوەتەوە کات08:14 بەروار15-12-2019
د. بەرهەم ساڵح تۆپەكەی خستەوە گۆڕەپانی پەرلەمان

راچڵەكین-

سەرۆككۆماری عیراق جەختدەكات كەپێویستە رێز لە بنەما دەستورییەكان و ماوەی دیارییكراوی دەستوری بگیرێت و لەپێناو ئەوەی سەرۆكوەزیرانی داهاتو بتوانێت سەركردایەتی ئەم قۆناغە راگوزەرە بكات.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆككۆماری عێراق  لەبەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 15-12-2019 بڵاوكراوەتەوەو وێنەیەكی ڕەوانەی (راچڵەكین) كراوە، ئاماژەی بەوەكردووە، د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆككۆماری عیراق بەردەوامە لەراوێژی چڕوپڕ لەگەڵ سەركردەی كوتلە سیاسییەكان، چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان،توێژە ئەكادیمییەكان و سەندیكاو یەكێتییە پیشەییەكان بۆ دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق كەلەلایەن گەلەوە پەسەند كراوبێت.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆككۆمار لەڕاوێژەكانیدا، پێداگری كردووە لەوەی پێویستە رێز لە بنەما دەستورییەكان و ماوەی دیارییكراوی دەستوری بگیرێت و لەپێناو ئەوەی سەرۆكوەزیرانی داهاتو بتوانێت سەركردایەتی ئەم قۆناغە راگوزەرە بكات بە ئامانجی گەیشتن بە هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە كەلەلایەن كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە سەرپەرشتی بكرێت. بەپێی ماددەی 76ی دەستور پێویستە كوتلە سیاسییە پەیوەندیدارەكان پەرلەمان، نوێنەری خۆی دەستنیشان بكات و دواتر لەلایەن سەرۆككۆمارەوە رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ. 

ئاماژە بەوەشكراوە: "سەرۆككۆمار لە دیدارەكانیدا جەختی لەوەكردووە كە پێویستە ئەو كەسەی لەلایەن كوتلە پەرلەمانییەكانەوە دەستنیشان دەكرێت بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی نوێی عیراق، لەگەڵ خواست و داوای گەلی عیراقدا بگونجێت و پەسەندكراوبێت، جگە لەوە پێویستە لەرووی سیاسیی و جەماوەرییەوە پشتیوانی پێویستی هەبێت لەپێناو جێبەجێكردنی چاكسازییە پێویستەكان و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد.