حكومەتی هەرێم لەسەر وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لێدوانی نوێ دەدات

580 جار خوێندراوەتەوە کات08:51 بەروار15-12-2019
حكومەتی هەرێم لەسەر وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لێدوانی نوێ دەدات

راچڵەكین-

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان ھەولێر و بەغدا پەیوەستە بە پەسندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 لە پەرلەمان.

 هەفتەی رابردوو، سامر عەزبان، وەزیری نەوت عیراق رایگەیاند:" لە 1-1-2020وە حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی عیراقی دەكات."

وتیشی:" هەردوولا پابەندییەكانی هەرێمیان بەرامبەر حكومەتی ناوەندو بودجە دیاریكردووە و رێككەوتوون لەسەر ئەوەی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم لە سنووری 450 هەزار بەرمیلدا بێت، لەبەرئەوەی ئەوە كاریگەری لەسەر پشكی عیراق لە ئۆپیك دروست دەكات."

لەبەرامبەردا، جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت:" لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی گشتی 2020 ی عێراق، رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت لەرێی كۆمپانیای سۆمۆوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە."

دەشڵێت:" بە پێچەوانەوە دواخستنی پەسندكردنی بودجەی گشتی عێراق وا دەكات جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەش دوابكەوێت." وەك كوردستان 24 بڵاویكردووەتەوە.

رۆژی 3-12-2019 حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە دەرئەنجامی كۆتایی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2020.

رۆژی 5-12-2019ش ،وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا ئاماژەی بەوە كرد، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكەن و ئەگەر بەغدا پابەند بێت، كێشەی مووچە نامێنێت. 

وتیشی، دانوستاندنەكان لەگەڵ بەغدا سەركەوتوو بوون و داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجە جێگیركراون.

بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا، هەرێمی كوردستان رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەبەندەری جیهان رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات، پارەی گواستنەوەی نەوتەكەش بەغدا دەیدات. لەبەرامبەریشدا حكومەتی ناوەند پابەند دەبێت بە پێدانی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2020.