پەرلەمانتارێكی بونیاد: كوتلەكەمان گەورەترینە لە پەرلەمانی عیراقدا

65 جار خوێندراوەتەوە کات09:28 بەروار15-12-2019
پەرلەمانتارێكی بونیاد: كوتلەكەمان گەورەترینە لە پەرلەمانی عیراقدا

راچڵەكین-

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی بونیاد دەڵێت، خاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانین و ئەوا رادەسپێردرێن بۆ ناونانی سەرۆكوەزیرانی نوێ.

محەمەد كەریم، ئەمڕۆ یەكشەممە 15-12-2019 لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد:" هاوپەیمانی بونیاد و كوتلە سیاسییە كوردی و سوننەكان گەورەترین كوتلەی پەرلەمانین لەناو پەرلەمانداو، توانیویانە پارێزگاری لە پێگەی سیاسی خۆیان بكەن كێشەی ئەوتۆ لەناویاندا رووی نەداوە كە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتییەكەیان و لەرێی ئامادەبوونی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان ئەوەی سەلماندووە كە گەورەترین كوتلەیە."

وتیشی:" هاوپەیمانێتییەكەیان خاوەنی كورسی پێویستە لەناو پەرلەماندا ئەوەش وای لێدەكات ببێتە زۆرینەو رابسپێردرێت بۆ ناونانی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو بەتایبەت كەلەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین پەرلەمانتارو كوتلەی سیاسی هاتوونەتە ناو هاوپەیمانێتی بونیادەوە."

پێشتر، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق، لەنووسراوێكدا كە ئاراستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و جێگرەكانی كرد، ئاماژەی بەوەكردبوو، "ماددەی 76ی دەستوری عێراق، سەرۆك كۆمار پەیوەست دەكات كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رابسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژدا ئەنجومەنی وەزیران پێكبهێنێت".

هەر لە نوسراوەكەدا هاتووە، "بەمەبەستی پێكهێنانی ئەنجومەنی نوێی وەزیران، داوا دەكەین لە یەكەمین دانیشتنی داهاتوی پەرلەماندا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەسنیشانبكرێت."